ئەمەریكا جارێكی تر خۆی لە هێرشەكەی دیمەشق بەدوور دەگرێت

:: PM:11:32:02/04/2024 ‌

دوێنێ ئیسرائیل هێرشی كردە سەر تەلارێكی سەر بە كونسوڵگەی ئێران لە سووریا، هەواڵی زۆرینەی میدیاكان ورد نەبوو و زانیاری تەواوی لەسەر هێرشەكە تیادا نەبوو، دیار نەبوو ئەو شوێنەی بۆردمان كراوە كوێیە و بۆچی بۆردمان كراوە؟، ئەمەریكا دەڵێت پێوەندیمان بە هێرشەكەوە نییە، ئیسرائیلش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو شوێنەی بۆردمان كراوە نە بالوێزخانەیە و نە كونسوڵگە.

جۆن كێربی، گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی هیچ پێوەندییەكی بە هێرشەكەی دوێنێی دیمەشق نییە، بەهیچ شێوەیەك دەستمان تیایدا نییە و لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش كە ئەمەریكای لە هێرشەكە بە بەرپرسیار زانی، بە قسەی بێمانا وەسف كرد.

ئەو قسانەی كێربی دوای لێدوانی دوو بەرپرسی ئەمەریكا دێت كە گوتیان، ئیدارەی سەرۆك بایدن راستەوخۆ بە ئێرانی گوتووە كە زانیاری بە هێرشی سەر كونسوڵگەكەی لە دیمەشق نەبووە و هیچ پێوەندییەكی پێوە نییە، دوو بەرپرسی تری ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە ئەوكاتەی فڕۆكە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە ئاسمان بوون، ئەمەریكا ئاگەدار كراوەتەوە و ئامانجەكانیش ئاشكرا نەكرابوون، تا ئێستەش بۆ ئەمەریكا دووپات نەكراوەتەوە كە محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی لە فەیلەقی قودس لەناو كوژراوانی هێرشەكەیە.

بەرپرسێكی هەواڵگریی ئیسرائیلیش ئەوەی ئاشكرا كرد كە ماوەیەكە هەواڵگریی ئەو وڵاتە بەدواتی زاهیدیوەن، بەڵام هەلی كوشتنی رێك نەكەوتووە تەنیا لەماوەی دوایی نەبێت، ئیسرائیل داوای گڵۆپی سەوزی ئەمەریكای بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە نەكردووە، بەڵكو تەنیا بەر لە چەند خولەكێك ئاگەداری كردووەتەوە.

ئاشكرایان كرد، ئێستەش سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەسازیدایە بۆ هەر وەڵامدانەوەیەكی میلیشیاكان، لەوكاتەی ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو شوێنەی بۆردمانیان كردووە لە دیمەشق نە كونسوڵگەیە و نە باڵوێزخانە، بەڵكو تەلارێكی سەربازیی فەیلەقی قودسە لەژێر ناوی تەلارێكی مەدەنی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل