كەمال كیلچدارئۆغڵو: عەبدولحەت ئارڤاس دەرفەتی سەیركردنی ڕووخساری خەڵكی وان لە دەست مەدە

:: AM:09:52:03/04/2024 ‌
لەسەر ئەو دۆخە نوێیەی دوای هەڵبژاردن لە باكوری كوردستان هاتووەتە ئارا، سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕای گەیاند، ئەردۆغان گوتی ڕێز لە ئیرادەی گەل دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە وان ڕووی دا دەریخست ئیرادەی گەلی بۆ گرنگ نییە، هاوكات كلیچدارئۆغڵوش لەوبارەیەوە گوتی، خەڵكی وان بڕیاری خۆیان داوە.

 لەگەڵ لادانی كاندیدەكەی دەم پارتی و دانانی كاندیدەكەی ئاكپارتی، لە باكوری كوردستان خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەستی پێ كرد، ئەوە پەڕییەوە بۆ سەرانسەری توركیا، جەهەپە بەڕژدی پشتگیریی خۆیان بۆ دەم پارتی دەربڕی و لە نوێترین لێدوانیشیدا سەرۆكی پێشووی جەهەپە كەمال كیلچدارئۆغڵو، لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانیی وان گوتی، "خەڵكی وان بڕیاری خۆیان داوە، ئەوەی دیموكراسی و دادپەروەری دەخوازێت، پێویستە ئەنجام بدرێت و بڕوانامەكە بدرێت بە براوەیەی خەڵك دەستنیشانیان كردووە.

كەمال كیلچدارئۆغڵو لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "X"، باسی لەوەش كردوە، "بناغەكانی ئەم وڵاتە لەسەر دیموكراسی بنیات نرابوو، ئەگەر ئاغاكانتان بێن نەك خۆتان، ئەمە ناگۆڕن، خەڵكی وان بڕیاری خۆیان داوە، بۆیە ئەوەی دیموكراسی و دادپەروەری دەخوازێت بیكەن و بڕوانامەكەی بدەن بە براوەكە، چونكە ئەوە ئیرادەی خەڵكە.

"بانگەواز بۆ هێزە تاریكەكانی پشت ئێوە دەكەم، كۆماری توركیا دەوڵەتێكی یاسایی عەلمانی و دیموكراسییە، هەرگیز ئەوە ناگۆڕیت، بۆیە پەیامم بۆ تۆ عەبدولحەت ئارڤاس، شەرەفمەند بە و یەكسەر ئەو پارچە كاغەزەی كە پێت دەدەن، بیدڕێنە و فڕێی بدە، دەرفەتی سەیركردنی ڕووخساری منداڵەكانت و خەڵكی وان لە دەست مەدە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری كورد و سەرۆكی پێشووی دەم پارتی ڕای گەیاند، ئەردۆغان گوتی ڕێز لە ئیرادەی گەل دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە وان ڕووی دا، لەگەڵ پەیامەكەی ئەردۆغان یەك ناگرێتەوە، ئێستە كاتی نیگەرانی نییە و كاتی بنیاتنانی ئاشتییە، داوا لە سیاستمەداران دەكەم رێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگرن."




وشە - سۆران عەزیز