لیۆن بەهار خەڵاتی باشترین كۆمپۆزەری موزیك وەردەگرێت

:: AM:11:21:04/04/2024 ‌
لیۆن بەهار كە دەكاتە كوڕی هونەرمەندی كورد كەی بەهار، یەكەم خەڵاتی باشترین كۆمپۆزەری موزیك بۆ كورتە فیلمی ئەنیمەیشن (زە سینس ئۆف زە ئپسینس)ی بەدەست هێنا، فیلمەكە لە دەرهێنانی دوو ژنی بەریتانی؛ سۆفی دایگ و تالیا سێلەرسە لە ئیندی هاوس فیلم فێستیڤاڵ بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا. 

جگە لەم فیلمە لیۆن بەهار موزیكی بۆ شەش فیلمی تر داڕشتووە، لەوانە دوانیان لە دەرهێنانی باوكیەتی، كەی بەهار بۆ فیلمی (من لە كوێ بووم؟) و (سكاڵا).

لیۆن بەهار تەمەنی 23 ساڵە و موزیكژەنی ئامێری گیتار و پیانۆیە، پسپۆڕە لە داڕشتنی موزیك بۆ فیلم و وەك موزیك كۆمپۆزەر كار دەكات. لیۆن لەدایكبووی لەندەنە و هەر لەوێش دەژێت. باوكی كەی بەهارە و دایكی ئینگلیزە بەناوی جۆزی بەهار. لە تەمەنی دوو ساڵیدا لیۆن هەستی موزیكی تێدا بەدی دەكرا و باوك و دایكی پاڵپشتی بوون لە خواستی زیاتر بەدواداچوون و پێگەیشتن وەك موزیكژەنێكی پرۆفێشناڵ. بۆ ئەم مەبەستە، لە منداڵییەوە لیۆن وانەی تایبەتی وەرگرت لە فێربوونی ئامێری گیتار، هاوكات خوێندنی بەكالۆریۆسی تەواو كرد لە زانكۆی لیدز كۆنسیرڤێتوا بۆ موزیك لە بەریتانیا.

لەپاڵ ئەمەشدا لیۆن گۆرانی و ئاوازی تایبەت دەنووسێتەوە، خواستی پێناسەی جیهانیی هەیە و دەیەوێت هەواداری زۆری هەبێت، پێش بەوەی بە كوردیش گۆرانی بڵیت. بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستە شەش گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە لە پلاتفۆرمی سپۆتیفای، لە ژێر ناونیشانی (ڤاڤو و مەیك چەنیج). دەیان نموونەی كارەكانی داناوە لە سەر سایتەكەی:
www.leonbahar.com

لە دوای ئامێری گیتار، لیۆن خووی دا بە پیانۆ و بە ماوەی چەند مانگێك ئاستی ژەنینی پیانۆی بەرز بووەوە. لیۆن شارەزایی لە پیانۆ بە گرنگ دەزانێت بۆ كاری داڕشتنی موزیك بەتایبەت بۆ فیلم، لەوبارەیەوە دەڵێ، زۆربەی كۆمپۆزەرە ناودارەكانی دنیا وەك هانس زیمەر و جۆن ولیامس، بەهەمانشێوە كار دەكەن، پێشەكی لەسەر ئامێری پیانۆ موزیكەكە دادەڕێژن و دوای دەكرێن بە ئۆركێسترا. 

ئێستەیش لیۆن خەریكی فێربوونی ئامێری مزیكی ڤایۆلینە، هیوای وایە لە ساڵانی داهاتوودا خۆی فێری چەند ئامێرێكی تریش بكات و وەك بەڕێوەبەری سیمفۆنیا و ئۆركێسترا كار بكات وەك كۆندەكتەر تا لە داهاتوودا بتوانێ كار بۆ فیلمە جیهانییەكان بكات.

جیا لە موزیك، بۆ چەندان ساڵ لیۆن وەك ئەكتەر لە خوێندنگەی تایبەت خوێندوویەتی، بۆیە بوو بە ئەندام لە تیپی شانۆ-موزیكالی لاوانی زەنیس لە شاری باس بۆ ماوەی پێنج ساڵ، چەندان شانۆگەرییان پیشكەش كردووە. ئێستەش هیوای لیۆن ئەوەیە بتوانێ لە هەرێمی كوردستان، لە دراما و فیلمی كوردی لەگەڵ بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی كورد كار بكات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د