هونەرمەندێكی فڕەنسیی لە ئەلبوومێكدا چەندان گۆرانیی كوردی بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:56:04/05/2024 ‌
ئێلێنۆرا فۆرنیا خاتوونە هونەرمەندێكی فڕەنسییە و ماوەی چەندان ساڵە بە كوردی گۆرانی دەڵێت، تازەترین كاریشی ئەلبوومێكە بە زمانی كوردی بڵاوی كردووە.

ئێلێنۆرا فۆرنیا كە ئێستە نیشتەجێی باكوری كوردستانە، گرنگییەكی زۆر بە هونەر و كولتوور و جیۆگرافیای كوردستان دەدات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی Gazete Duvar رای گەیاند، لە ساڵی 2010 چووەتە ئیستانبوڵ، لەوێدا دەستی بە فێربوونی موزیكی توركی كرد. ئاماژەش بەوە دەكات لەوێدا چەند كەسێكی كوردی ناسی، بەیەكەوە گرووپی "ئیزمان"یان پێكهێنا و بەم جۆرە بە موزیكی كوردی ئاشنا بووە و دەستیان پێ كرد.

لەبارەی سەرەتای گرنگیدان و فێربوونی زمانی كوردی ئێلێنۆرا باسی لەوە كردووە، وانەی زمان و موزیكی كوردیی وەرگرتووە، بەهەوڵی خۆی فێری زمانی كوردی بووە. بەهۆی دەنگبێژە كوردەكانیشەوە عاشقی گۆرانیی كوردی بووە.

"بەدڵنیاییەوە كولتوور و كەلەپوور و جیۆگرافیای كوردان بەهەمانشێوە جێی سەرنجم بوون، زۆر شوێن گەڕام، لەوانە وان، دێرسیم، مێردین، دیاربەكر و چەندان شوێنی كوردی، لە نەورۆزی ساڵی 2022ـشدا لە ئامەد گۆرانیم گوت". ئێلێنۆرا وا دەڵێت.

ئێلێنۆرا دەڵێت، ئەو ماوەیەی لە كوردستانم و گۆرانی دەڵێم، پێم وایە كوردەكان موزیك و گۆرانیی منیان بەدڵە، بە گەرمی پێشوازییان لەوە كرد كە ژنێكی فڕەنسی گرنگە بە كوردی گۆرانی بڵێت.

ئەو هونەرمەندە باسی لە گۆرانییەكانی ئەلبوومە نوێیەكەی كردووە دەڵێت، "هەڵبژاردنی گۆرانیی كوردی بۆ گوتن سەخت بوون و كاتێكی زۆری ویست، چونكە من دەمویست هەموو گۆرانییە كوردییەكان بە هەموو زاراوەكانیەوە لەو ئەلبوومەدا جێ بكەمەوە، ئەمەش سێ بۆ چوار ساڵی خایاند، بۆیە لەو كارەمدا گۆرانیی كورمانجیم گوتووە، چونكە كورمانجی باشتر دەزانم، سۆرانی و زازاكیشی تێدایە، هەروەها دوو بەستەی تێدایە كە یەكێكیان خۆم نووسیومە و ئەوەی تریان هاوڕێیەكم نووسیویەتی.




وشە - سۆران عەزیز