شارەزایەكی ئابووری: نرخی زێڕ گرانە و گرانتر دەبێت

:: PM:02:06:10/04/2024 ‌

ئێستە نرخی زێڕ لە دنیا روو لە هەڵكشانە، بە كورتی شارەزایان گرانبوونی نرخەكەی بۆ زیادبوونی خواست و چەند هۆكارێكی تر دەگەڕێننەوە، شارەزایەكی ئابووری ئاماژە دەكات كە دوو ساڵە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكرێت زێڕ بكڕێت و یەدەگی زێڕ زیاتر بكات، ئێستەش نرخەكەی گرانتر دەبێت.

نەبیل جەبار تەمیمی، شارەزای ئابووری هۆكاری هەڵكشانی نرخی زێڕ لە عێراق بۆ هەڵكشانی نرخەكەی لە دنیا دەگەڕێنێتەوە، كە گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی، پێش دوو ساڵ داوا لە حكوومەتی عێراق كرا بۆ كڕینی زێڕی زیاتر وە زیادكردنی یەدەگی زێڕ، چونكە پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی دەكرا، ئێستەش بۆ ماوەی داهاتوو نرخەكەی لە هەڵكشان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم نرخی زێڕ لە ژمارەیەكی پێوانەیی بەگوێرەی پێشوو وەستا، كاتێك لە مامەڵە خێراكان نرخی یەك ئۆنسە گەیشتە 2351.94 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتە 2365.09 دۆلار و گرێبەستەكانی دواخراویش نرخی ئۆنسەیەك گەیشتە 2369.90 دۆلار، هۆكاریەكەشی پەنابردنە بۆ كڕینی بەهۆی ئەوەی بژارەیەكی باشترە بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان، كە بەهۆی ئاڵۆزی و كێشە بەردەوامەكان دروست دەبێت.

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی هەڵكشانی نرخی زێڕ، زیادبوونی خواستە لەسەری، كاتێك بانكە ناوەندییەكان و بازرگان و وەبەرهێنەران روویان لە كڕینی كردووە، ئەوانە جیا زیادبوون و پەرەسەندنی ململانێ و ئاڵۆزییەكان لە دنیا، هاوكات ئەگەری دابەزینی رێژەی سوودی بانكی لە ئەمەریكا، ئەویش كاریگەری لە هەڵكشانی نرخی زێڕ هەبووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل