کەشتی زەبەلاحی ئایزنهاوەر گەیشتە کەنارەکانی ئیسرائیل

:: PM:06:17:11/04/2024 ‌
کەشتی زەبەلاحی ئەمەریکی و فڕۆکە هەڵگر گەیشتە کەنارەکانی ئیسرائیل، ئەمەش بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە تەلئەبیب لە بەرانبەر هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران خراوەتە ئامادەباشییەوە. 

ئەمڕۆ 11ی نیسانی 2024 پێگەی ''چاودێری ئێران'' بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی بە ناوی ئایزنهاوەر گەیاندووەتە نزیک ئیسرائیل و ئامادەیە سیستەمی بەرگری ناو کەشتییەکە بەکار بهێنێت بۆ ڕاگرتنی مووشەکە چاوەڕوانکراوەکانی ئێران بۆ سەر تەلئەبیب. 

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کەمێک پێش ئێستە جەنەڕاڵ مایکل کوریلا سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و بەڵێنی پاراستنی تەلئەبیبیان لە بەرانبەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران دووپات کردووەتەوە، لە ماوەی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەیەکی دیپلۆماسی ئێران لە سووریا و بەم هۆیەشەوە سێ لە دیارترین فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران کوژران، ئێستە ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات. 

جێگەی باسە سەرچاوە هەواڵییەکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران باس لەوە دەکەن، شێوازی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بڕیاری کۆتای لێ دراوە و تەنیا کەوتۆتەوە سەر کات. 


وشە - ئارا هێمن