ئێران و حزبوڵا خۆیان بۆ هێرشی ئیسرائیل ئامادە دەكەن

:: PM:05:41:17/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئێران هێرشێكی فرەوانی درۆن و مووشەكی كردە سەر ئیسرائیل، رای گەیاند كە هێرشی تر ناكات، بەڵام وەڵامی هەر هێرشێكی ئیسرائیل دەداتەوە، ئێستە ئیسرائیل كەوتووەتە هەڕەشە و كابینەی جەنگی ئەو وڵاتە خەریكی تاوتوێكردنی پلان و بژارەكانی وەڵامدانەوەن، زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن برشیاری هێرش دراوە، بەڵام كات و شوێنەكەی دیار نییە، لەو ناوەدا ئیران و حزبوڵای لبنانی لە سووریا خۆیان بۆ ئەو هێرشە ئامادە كردووە.

ئەمڕۆ ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكاری سووری ئاشكرایان كرد كە تاران دەستی بە كشاندنەوەی ئەفسەر و راوێژكارە سەربازییەكانی لە چەند ناوچەیەكی سووریا كردووە، هاوكات حزبوڵای لبنانی، ئەوەیش بە هەمان شێوە ژمارەی فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانی لە ناو سووریا كەم كردووەتەوە و هەندێك بنكەی سەربازییان چۆڵ كردووە، بەتایبەتی شەوان.

ئەو رێوشوێنانەی ئێران و حزبوڵای لبنانی دوای ئەو زانیارییانە دێت كە ئیسرائیل بەنیازە دامەزراوە گرنگەكانی ئەوان لەناو خاكی سووریا بكاتە ئامانج، هاوكات هێزی دەریاوانیی ئێران رای گەیاند كە كەشتییە سەربازییەكانیان هاوەڵی كەشتییە بازرگانییەكانیان لە دەریای سوور دەكەن، لە ئەگەری كردنەئامانجیان. 

ئێستە ئێران لە دەریا و زەوی و ئاسمان خۆی بۆ هێرشێكی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل ئامادە دەكات، زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن رەنگە ئیسرائیل دامەزراوە سەربازی و جبەخانەكانی ئێران لە سووریا بۆردمان بكات، كە لەلایەك تۆڵە دەكاتەوە و لەلایەكی تر نابێتە هۆی فرەوانبوونی بازنەی شەڕ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل