شارەزایان و سیاسەتوانان پێیان وایە، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمى کوردستان لە سایەی مەسروور بارزانی و کابینەی نۆ ئەوەندە بەهێز بووە، هەموو دنیا چاوی لە هەرێمی کوردستانە و سەردانی دەکات.
ئازاد ئەکرەم سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان و سیاسەتوان بە "وشە"ی راگەیاند، له دوای دامەزراندنی کابینەى نۆیەمى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتە دراوسێکانمان گرنگی زۆریان داوە بە هەرێمی کوردستان، تا ئێستەیش لەم کابینەیەدا ئەو گرنگییە بەردەوامە و پەرە بە پێوەندییەکان دەدرێت لە ئاستێکی باشدا.
گوتیشى، بەڵام بەداخەوە هەندێ لایەنی ناوخۆی کوردستان، بایەخ و گرنگیی ئەم پێوەندییە نازانن و لایان بێ بەهایە، تا دێت گرفت بۆ هەرێمی کوردستان و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دروست دەکەن، لەبری ئەوەی پاڵپشتی و پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بکەن.
ئیدریس ئیسماعیل، شارەزای پێوەندییەکان و ئەندامی پێشووی لیژنەی پێوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، کابینەی نۆ لە ڕووی پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانەوە و لە ڕووی سیاسیشەوە لە ئاستی وڵاتانی زۆرگەورە و پێشکەوتوو دایە، بەجۆرێک کە هیچ کات لەم ئاستە بەرزە دا نەبووە.
راشی گەیاند، سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی لە ئاست سەرۆکی وڵاتە بەهێزەکانە، بە پرۆتۆکۆلی تایبەت و بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیی لێ دەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی مەسروور بارزانیدا کوردستان زۆر بەناوبانگ بووە، چووەتە قۆناغێکی نوێ و دڵخۆشکەرەوە کە هەم سەرۆکی وڵاتانی گەورە و زلهێزەکان سەردانی کوردستان دەکەن، هەم مەسروور بارزانی سەردانی وڵاتانی زلهێزی دنیا دەکات، ئەمەیش بۆ بەهێزی کەسایەتی و پێوەندیی خۆی دەگەڕێتەوە.
وشە/ ئاسان محەمەد