سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من ھه‌نگاوی باشی بڕیووه و به خێرایی به‌ڕێوه ده‌چێت و ئێسته له ھه‌ولێر له قۆناغی كۆتاییه و ئه‌و بانكانه‌ی له‌و پڕۆژه‌یە به‌شدارن، ھه‌موویان دانپێدانراون له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقی.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من زۆر باشه و به ڕێكی به‌ڕێوه ده‌چێت و ئێسته له ھه‌ولێر تەواو بووە و ته‌نیا خانه‌نشینان ماون تۆمار بکرێن، بۆیه پڕۆسه‌كه زۆر خێرا بووه و له دهۆك و سلێمانیش پڕۆسه‌كه زۆر به خێرایی به‌ڕێوه ده‌چێت.
روونیشی كرده‌وه كه تا ئێسته پێنج بانك به‌شدارن له پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من، بانكی "تی بی ئای" عێراقیش ھاتووه‌ته ناو پڕۆسه‌كه و به‌شداری كردووه، ئێسته شه‌ش بانك به‌شدارن. بۆیه له‌گه‌ڵ به‌غداش كێشه‌مان نیه، چونكه ئه‌وانیش وه‌كو ھه‌رێمی كوردستان له بانكه ئه‌هلییه‌كان ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
لای خۆیه‌وه، د.ئیدریس ره‌مه‌زان مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای ئابووری، بۆ "وشه" گوتی، پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من زۆر گرنگه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌وه‌ی عێراقیش زیاتره، عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و پڕۆژه نه‌مێنێت و نایه‌وێت پڕۆژه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت، چونکە ده‌زانن له پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌وان باشتره.
هه‌ژماری من پڕۆژه‌ی به‌بانكیكردنی مووچه و كاروباره‌كانی داراییه و 19 خزمه‌تگوزاریی بانكی له خۆی ده‌گرێت كه له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وشه/ بڵند ئیبراھیم