سلێمانی... رۆژانی هەینی هاتوچۆی بارهەڵگر لەم شوێنانە قەدەغەیە

:: PM:07:03:26/04/2024 ‌
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە رووداوێكی هاتوچۆدا ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر 11 ئۆتۆمبێلی تری پلیشاند، هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری دا، رۆژانی هەینی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارە لە چەند رێگەیەك قەدەغە بكات. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بڵاوی كردووەتەوە، ‎لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و گەشتیاران، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری دا لە ڕۆژانی هەینی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ حەوتی ی ئێوارە قەدەغە بکات. 

هاتوچۆی سلێمانی ئەو رێگا و شوێنانەی دیاری كردووە كە هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە رۆژانی هەینی لەو 12 سەعاتە تیایدا قەدەغەیە و بەم شێوەیەیە: 
‎ڕێگای دوکان ـ سلێمانی وە بە پێچەوانەوە 
‎ڕێگای قەرەداغ 
‎شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو 
‎ڕێگای سەرجەم ئەو سەیرانگایانەی لە سنووری شارەزووردان

هاتوچۆی سلێمانی روونی كردووەتەوە، ‎سەرجەم مەفرەزەکان و بازگەکان و قەزای ناوەند هەڵدەستن بەکاری چاودێری و لێپرسینەوە لەو شۆفێرانەی پابەندی ئەم بڕیارە نابن. 

لە كۆتایی ئاگادارییەكەی هاتوچۆی سلێمانیشدا هاتووە، ‎داوا لەشۆفێرانی بارهەڵگر دەکەین پابەندبن تا بەدووربن لە کارەساتەکانی هاتوچۆ و هەم لە لێپرسینەوەی یاسایی.


وشە - پۆڵا مەحموود