لە هێرشەكەی كۆرمۆردا سێ كەس گیانیان لە دەست دا

:: PM:08:38:26/04/2024 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری قادر كەرەم بەهۆی رووداوەكە سێ كارمەند گیانیان لە دەست داو سێی تریش بریندار بوون. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، رەمەك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، بە میدیاكانی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، سێ كەس گیانیان لە دەست داوە و سێ كارمەندی تریش بریندار بوون. 

لەبارەی ناسنامەی قوربانییەكانەوە ئاماژەی داوە، ئەو سێ كارمەندەی گیانیان لە دەست داوە كورد نین و هاوكات ئاماژەیشی كرد لە ناو بریندارەكاندا دوو كورد هەن. 

هاوكات بەهۆی هێرشەكەوە، لە ئاگادارییەكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتیەكان هاتووە، ئاگەداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لە ئاگادارییەكە ئاماژە بەوەیش كراوە،  ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.


وشە - پۆڵا مەحموود