سەرۆكی هەرێم ئیدانەی هێرشەكەی كۆرمۆر دەكات

:: PM:10:40:26/04/2024 ‌
بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند، زۆر بە توندی سەركۆنەی هێرشی درۆنیی ئەم ئێوارەی سەر كێڵگەكە دەكەم و هاوكات داوای لە لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كرد ئەركی خۆیان بۆ رێگری لەو هێرش و پەلامارانە بگرنە بەر. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشى درۆنيى ئه‌م ئێواره‌يه‌ى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ سنوورى  چه‌مچه‌ماڵ له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌م كه‌ به‌داخه‌وه‌ شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆى پچڕان و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و له‌كاروه‌ستانى وێستگه‌كه‌.

لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم ئەوەیش هاتووە، له‌ كاتێكدا سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌م و هاوخه‌ميانم و هيواى زو وچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسييه‌وه‌ و لايه‌نه‌ پێوەندارەكانی حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ پێويسته‌ ئه‌ركى خۆيان بۆ ڕێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزينه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌ هه‌ر لايه‌نێك بن بگێڕن و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024 هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و حكوومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند بەهۆی هێرشەكەوە چوار كرێكاری بیانی گیانیان لە دەست داوە و لای خۆشییانەوە هەردوو وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و كارەبای حكوومەتی هەرێمیش لە ئاگادارییەكیاندا بەهۆی هێرشەكە رایان گەیاند، ئاگەداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لە ئاگادارییەكە ئاماژە بەوەیش كراوە،  ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.



وشە - پۆڵا مەحموود