وەزارەتی كارەبا: 24 سەعاتی داهاتوو وێستگەكانی كارەبا دەكەونەوە كار

:: PM:09:58:01/05/2024 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە ئێوارەی رۆژی سێشەمەوە هەناردەی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەستی پێ كردووەتەوە و لە 24 سەعاتی داهاتوویشدا وێستگەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەكەونەوە كار. 

ئەمڕۆ چوارشەم، یەكی ئایاری 2024، وەزارەتی كارەبا روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئێوارەی رۆژی سێشەم هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێ کرد و پەستانی گاز بۆ وێستگەکان بەرز بووەتەوە.
لە درێژەی روونكردنەوەكەی وەزارەتی كارەبا هاتووە،  بڕی 270 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجای پێویست گەیشتووەتە وێستگەکان و دەکاتە نیوەی توانایی وێستگەکان.

لەبارەی ساتی ئاسایبوونەوەی دۆخی كارەبا، وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە داوە كە  لە 24 سەعاتی  داهاتوودا هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

هێرشەكەی ئێوارەی 26ی نیسان/ئەپریلی 2024 بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر كە نۆ قوربانی لێ كەوتەوە، دوای ئەوە هات كە پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە چاودێری ئەمەریكا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم پێی وایە، چەند لایەنێك لە عێراق هەن لەوكاتی تەباییدا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی كوردستان دەكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر لە 25ی كانوونی دووەم/یەناری هەمان ساڵ هێرشێكی تر كرا و بە گشتیی لە 2022وەوە ئەوە هەشتەم جارە هێرش دەكرێتە سەر كۆرمۆر، كە سەرچاوەی سەرەكی كارەبای كوردستان و پرۆژەیەكی ستراتیجی غازە.


وشە - پۆڵا مەحموود