كەشناسیی هەرێم: دوای نیوەشەو شەپۆلی بەهێزی باران و هەورەتریشقە دەست پێ دەكات

:: PM:10:19:02/05/2024 ‌
دەستەی كەشناسیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێ لە دوای نیوەشەوەوە شەپۆلێكی باران و هەورەتریشقە لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەست پێ بكات، هاوكات نەخشەی ئەو شوێنانەیشی ئاماژە پێ كردووە كە تا بەرەبەیان بارانی بەلێزمە تیایاندا بەردەوامی دەبێت.

ئەمشەو پێنجشەم دووی ئایاری 2024، دەستەی كەشناسیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پێشبینى دەکرێ لە دوای نیوەشەوەوە شەپۆلێکى باران بارین و هەورەتریشقە لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم دەست پێ بکا.

"شەپۆلەکە لە ناوچەکانى وەک، سەنتەرى شارى هەولێر و دەوروبەرى، بەحرکە، قوشتەپە، دارەتوو، کەورگۆسک و بەردەرەش، هەروەها ناوچەکانى دەشتى هەولێر و شارۆكەی کۆیە، تەقتەق، شوان، ئاکرێ و هەندێک ناوچەى گەرمیان و باشوورى شارى سلێمانى بەلێزمە دەبێت تا بەرەبەیان". بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی كەشناسی.

كەشناسیی هەرێم روونی كردووەتەوە، بەڵام بۆ ناوچەکانى تر باران و هەورەتریشقەى مامناوەند دەبێت و پاشان ئاستى شەپۆلەکە ئاسایی دەبێتەوە، دواتر ئاستى شەپۆلەکە بەهێز دەبێتەوە بە تایبەت لە کاتەکانى نیوەڕۆدا بۆ سەر ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى هەولێر، ئیدارەى سۆران، ئيدارەى ڕاپەڕین، سەنتەرى شارى سلێمانى، سەید سادق، هەڵەبجە و هەندێک لە ناوچەکانى گەرمیان.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی كەشناسیدا تێبینی دراوە "لەبەرئەوەى لە وەرزى بەهارداین ئەگەرى گۆڕانکارى زۆر هەیە لە شوێن و بڕى باران بارینى شەپۆلەکە".

هاوكات دەستەی كەشناسی بارانى 12 سەعاتى ڕابردووى هەندێک لە ناوچەکانى هەرێمی بڵاو كردووەتەوە:

هەولێر لە سەنتەرى شار بڕێکى زۆر باران باری بەڵام لە وێستگە تەنها 0.2 ملم باری.
پیرمام 29.0 ملم
سلێمانى 1.1 ملم
چەمچەماڵ 5.9 ملم
دهۆک 41.5 ملم
زاخۆ 0.6 ملم
شەقڵاوە 19.5 ملم
ئاکرێ 0.2 ملم
ئامێدى 0.4 ملم
بامەرنێ 6.8 ملم
بارزان 2.0 ملم
بازیان 4.2 ملم
هەڵشۆ 17.4 ملم
خەبات 8.0 ملم
مەیدان 0.2 ملم
سۆران 0.8 ملم
پێنجوێن 0.6 ملم
سیدەکان 7.8 ملم
کەرکووک 27.0 ملم


وشە - پۆڵا مەحموود