سوودانی: هەژماری من قبووڵ كراوە

:: PM:09:31:05/05/2024 ‌
دوو پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای دەكەن،  محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی، پارتی، یەكگرتوو، یەكێتی و كۆمەڵدا پێی راگەیاندوون كە "هەژماری من"یان قبووڵە و بۆ لەمەودوا و بۆ "تەوتین"كردنی مووچەی فەرمانبەرانی تر بانكی TBI دێتە ناو پرۆسەكەوە. 

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی ئایاری 2024، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا لەبارەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە سوودانی پێی راگەیاندین، قسەمان لەگەڵ بانكی  TBIكردووە و بانكەكە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بێنە ناو پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەیشی گوت، كە بانكی  TBIبە سوودانیان راگەیاندووە، دەتوانن لە ماوەی دوو مانگدا ئەو ژمارە فەرمانبەرەی كە "هەژماری من"یان بۆ نەكراوەتەوە لە رێگەی بانكەكەیانەوە هەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە. 

لای خۆشیەوە  سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق، سودانى پێى گوتین، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ته‌وتینى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دوانه‌كه‌وێت، ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێم هه‌ژمارى منیان كردووه،‌ له‌ هه‌ژمارى من مووچه‌یان پێده‌درێت.

گوتیشى، بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌شى كه‌ تا ئێستا هه‌ژمارى منیان بۆ نه‌كراوه‌، له‌ بانكى تى بى ئای تەوتین دەکرێن کە سەروو 700 هەزار مووچەخۆرە و لە ماوەی دوو مانگ بۆیان دەکرێت.

پێوەست بەم بابەتەیش، هونەرجەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بانكی  TBIعێراقی نووسراوێكی بۆمان كردبوو بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقدا ئامادەییان دەربڕیوە بەشدار بن لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، لەبەرانبەریشدا دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی ئێمە بۆ بانكەكە بریتی بووە لەوەی ئامادەین و لە چوارچێوەی هەژماری من ئامادەین گفتوگۆكان دەست پێ بكەین. 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەوەیشی گوت، ئێمە رەزامەندین هەر بانكێك بێتە ریزی پڕۆژەی هەژماری من، بەو مەرجەی پابەندی رێنوێنییەكانی بانكی ناوەندی و مەرجەكانی هەژماری من بێت.
 


وشە - پۆڵا مەحموود