ساسان عەونی: بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكانی كوردستان چەندان پڕۆژە لە بەردەستن

:: PM:01:09:07/05/2024 ‌
لە ساڵی 2022ەوە بڕیار درا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیەنرێتە گەڕەكی هەشتی حەسارۆك، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە هەرسێ زۆنەكە رێیەكانی دەكرێنەوە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رای گەیاند، ڕۆژی پێنجشەم كۆبوونەوەی دووەمی سەرجەم سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت، ئەو فەرمانگانە نەخشەكانی خۆیان دەهێننە كۆبوونەوەكە، ئەمەش بۆ فراوانكردنی ماستەرپلانەكانی شارەوانییەكان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 15 ساڵ بوو گەڕەكی هەشتی حەسارۆكان بێ خزمەتگوزاری بوو، بەڵام لە ساڵی 2022ەوە بڕیار درا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیەنرێتە ئەو گەڕەكە، پڕۆژەكانیش بریتی بوون لە ئاوەڕۆ و پڕۆژەی گەیاندنی شەقامی 60 مەتری كە شۆستەكانیشی تەواو بوون.

ساسان عەونی گوتی، ئێستە فەرمانگەی ئاوەدانكردنەوە لە زۆنی ئەی كە پێشتر بڕیار بوو شەقامی دووەمی 60 مەترییان بۆ بكرێت، لەسەر داوای هاووڵاتییان كە داوایان كردووە ڕێ بۆ ناو زەوییەكان بكرێتەوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتووەوە سەرۆكایەتیی شارەوانی لە هەرسێ زۆنەكە دەست دەكات بەكردنەوەی ڕێیەكان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەو فەرمانگانەی پێوەستن بە نەخشەدانانی ئاوەدانیی شارەكانی كوردستان، چەندان پڕۆژەیان لە ژێردەستە و كاری لەسەر دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز