لە شارەزوور دوو تۆمەتبار گیران كە دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، دەركەوت بە مەبەستی دزیكردن چووبوونە شارەزوور، پێشتریش ماتۆڕسكیل و سندووقی خێری مزگەوتیان دزیوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور، دوو تۆمەتباریان گرت كە پێشینەی تاوانیان هەبووە، پێشتریش لە سلێمانی چەند دزییەكی تریان كردووە و بەنیاز بوون لە شارەزووریش هەمان دزی بكەنەوە.
لە راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە كراوە، لە كاتی گەڕان و دانانی بازگەی كاتی هێزەكانی پۆلیسدا، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوورەوە، گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، دوای گرتنیان و لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا، هەردوو تۆمەتبار ددانیان بەوەدا ناوە كە بەمەبەستی دزیكردن چوونەتە شارەزوور.
پۆلیس ئەوەشی خستووەتەڕوو كە تۆمەتبارەكان پێشینەی تاوانیان هەیە، ددانیان بەوەدا ناوە پێشتر لە سلێمانی ماتۆڕسكیل و سندووقی خێری مزگەوتیان دزیوە.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش كردووە، هەردوو تۆمەتبار "ش، هـ، ح" و "ح، ع، ح" لە بەردەم دادوەردا، ددانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و ئێستە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان، ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.