پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بەشداریكردنی بانكی TBI لە پرۆسەی هەژماری من هەنگاوێكی گرنگە

:: PM:12:22:08/05/2024 ‌
پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای گەیاند، بەشداریكردنی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە پرۆسەی هەژماری من، هەنگاوێكی گرنگە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە، بانكی TBI لە پڕۆژەی هەژماری من بەشداری دەكات، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ چارەسەری كێشەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

بەختیار شاوەیس گوتی، ئەو بانكە مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی عێراقی لێوە دەدرێت بە مووچەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانیشەوە، بۆیە گرنگە كە بەشداری لە مووچەدانی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، كەوایە كێشەی مووچە چارەسەر دەبێـت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و گوتی، بە خۆشحاڵییەوە ڕای دەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات. 

بەپێی ڕێنوێنییەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی هەژماری من، لەم هەفتەیەدا چەندان كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجام داوە، لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ لەبارەی میكانیزم و پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمارەكان و پرۆسەی دروستكردنی كارت و بڵاوكردنەوەی ئامێرەكانی ATM لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا كراوە.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانكی تری پێشەنگی عێراق، بژاردەیەكی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانكی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان و كەرتی دارایی عێراق، ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی كە لەم ڕێیەوە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگات.
 



وشە - سۆران عەزیز