مه‌لا به‌ختیار سیاسه‌توانی كورد، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رای گه‌یاند، به‌بێ پارتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكرێت.
له‌ماوه‌ی رابردوودا، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی یه‌كێتییه‌وه دواخرا و له كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درا، به‌ڵام ئێسته له كاتێكدا دیزاینی پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردن دانراوه و له قازانجی یه‌كێتییه، ده‌یانه‌وێ هه‌ڵبژاردن بكرێ، بۆیه پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌ڕای داكۆكی له مافی پێكهاته‌كان كه به بڕیاری دادگای فیدراڵ 11 كورسیان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه رای گه‌یاندووه، ناچنه هه‌ڵبژاردنێكه‌وه دیزاینكراو بێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نۆی ئایار، مه‌لا به‌ختیار سیاسه‌توانی كورد، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی گوتی، هه‌ڵبژاردن به‌بێ پارتی ناكرێ، ده‌بێت هه‌موو هێزه‌كان له‌ناو پڕۆسه‌كه‌دا بن و خه‌ڵك متمانه بده‌ن.
ڕوونیشی كرده‌وه، له داهاتوودا كورد له قالبێكی سیاسی ده‌درێت و پێویسته ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه، سه‌رچاوه‌كانی دارایی و مه‌رزه‌كان و فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌وه ئه‌گه‌ر خۆمان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆمان نه‌كه‌ین.
دوایین پێشهات ئێسته ئه‌وه‌یه، مه‌سروور بارزانی له ماوه‌ی ڕابردوودا سكاڵایه‌كی له دادگای فیدراڵی تۆماركرد و داوای كرد فه‌رمانێكی به‌په‌له "ئه‌مری وه‌لائی" ده‌ربكرێت به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی بڕگه‌ی تایبه‌ت به سیستمی تۆماركردن و په‌سه‌ندكردنی لیستی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆیه دادگاكه له به‌رژه‌وه‌ندیی مه‌سروور بارزانی بڕیاری ده‌ركرد، جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كه‌ی ڕاگرت تا ئه‌و كاته‌ی سكاڵاكه یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه و ئێسته كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق راگیراوه.