سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا بە چوار گولە بریندار دەكرێت

:: PM:06:57:15/05/2024 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم رۆبەرت فیكۆ، سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا لە دوای كۆبوونەوەیەكی حكوومەتی لە شارەدێی هاندلۆڤا لە باكوری رۆژهەڵاتی پایەتەخت لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێ كرا و بریندار بوو، ئەو بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە و چەكدارەكەش گیرا.

وەك رۆژنامەی "دینیك ئین دەیلی" بڵاوی كردەوە، دوای تەقەلێكردنی، سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا لەلایەن پاسەوانەكانی لە شوێنی رووداوەكەوە بەرەو نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، هاوكات پۆلیسی ئەو وڵاتە گومانلێكراوەكەی گرتووە كە تەقەی كردووە.

راپۆرتەكان كەناڵی تەلەڤزیۆنی "تی ئەی 3"ی سلۆڤاكی ئاماژە دەكەن كە فیكۆی 59 ساڵ، چوار گولەی ئاراستە كراوە و بەر سكی كەوتووە، كاتێك لە دەرەوەی خانەی رۆشبیری لە شارەدێی هاندلۆڤا لە دووری 150 كلیۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی پایەتەخت بووە، زوزانا چابۆتۆڤا، سەرۆكی سلۆڤاكیا شۆكبوونی بە هێرشەكە راگەیاند و هیوای خواست سەرۆك وەزیران بەهێز بێت و چاك ببێتەوە. 

لای خۆیەوە ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیاری ئەوروپی سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا هێرشەكەی بە دەستدرێژییەكی ترسنۆكانە بۆ سەر سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا ناو برد.

شایەنی باسە حكوومەتی فیكۆ لە ئۆكتۆبەری رابردوو گەیشتە دەسەڵات و بەهۆی سیاسەت و هەڵوێستەكانی رەخنەیەكی زۆری ئاراستە دەكرێت، لەوانە رەخنەی توندی لە یارمەتیدانی سەربازیی ئەوروپا بۆ ئۆكراینا و هەوڵەكانی بۆ نوێكردنەوەی پێوەندییە سیاسی و كولتوورییەكان لەگەڵ رووسیا، جیا لە چاكسازی لە یاساكانی تاوان لە وڵاتەكە، كە بە لاوازكردنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە قەڵەم درا، ئەو پێی وابوو كە چارەسەری سەربازی بۆ كێشەی ئۆكراینا نییە و یارمەتیدانی سەربازیش تەنیا شەڕەكە درێژ دەكاتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل