تۆماس فرێدمان: ئه‌وروپا فه‌له‌ستینی وه‌ك خۆی قبووڵه‌ و په‌یامه‌كه‌ بۆ ئیسرائیله‌

:: PM:03:52:23/05/2024 ‌
تۆماس فرێدمان شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ی ''نیویۆرك تایمز'' ده‌نووسێ، ڕۆژئاوای ئه‌وروپا ئیسرائیلی ئاگادار كرده‌وه‌، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ئیسپانیا و نه‌رویج و ئێرله‌ندا ددانیان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینیدا نا، به‌مه‌یش كۆتا بزماریان له‌ تابووتی كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل درا، به‌وه‌ی كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. 

فرێدمان پێی وایه‌ دژیه‌ك هه‌یه‌ له‌ په‌یامی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل، له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ نیازن حه‌ماس بنه‌بڕ بكه‌ن، له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌ هیچ جۆرێك ئاماده‌ نین كار له‌گه‌ڵ به‌ری ڕۆژئاوا بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت، ئێسته‌ زیاتر له‌ 140 ده‌وڵه‌ت به‌ فه‌رمی فه‌له‌ستینیان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ناساندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێسته‌ ئه‌مه‌ریكا و زۆر له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینییان نه‌ناساندووه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش پێیان وایه‌ به‌ بێ سه‌ربه‌خۆیی فه‌له‌ستین به‌ ڕێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ئه‌سته‌مه‌ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بدۆزرێته‌وه‌. 

ئامانجی من هه‌رده‌م تیشك خستنه‌ سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌ كرده‌ییه‌كه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و ناساندنه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین كه‌ ئێسته‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و ددان به‌ فه‌له‌ستیندا ده‌نێن به‌بێ ئه‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرابێت، سه‌ر هه‌ڵده‌دات بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ له‌ نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلیدا یان نا؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ دوو دیوه‌، به‌ڵێ و نه‌خێر. 

یۆحان پلێسنه‌ر سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی دیموكراسی ئیسرائیل پێی گوتم، له‌ باری یه‌كه‌مدا كه‌ ماوه‌ی كورتمه‌ودایه‌، ناساندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی له‌ كاتێكی وه‌ك ئێسته‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كانه‌وه‌، ڕای گشتی ئیسرائیل نابزوێنێت، له‌ دوای هێرشی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می 2023 و تاوانه‌كانی چه‌كدارانی حه‌ماس له‌و ڕۆژه‌دا به‌ گرتن و كوشتن و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خاتوونه‌ ئیسرائیلییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وروپییه‌كان به‌ ئیسرائیل ده‌ڵێن، ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینییان قبووڵه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌ له‌ چه‌كیش دانه‌ماڵێنرابێت و یان به‌ بێ داواكاری له‌ فه‌له‌ستین بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی حه‌ماس. بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی كورتمه‌ودا، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌وروپییه‌كان له‌لایه‌ن ئیسرائیلییه‌كانه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌. 

چارەسەری دوو دەوڵەت بە دانانی پێشمەرج دەبێتەوە بژاردەی سەرەکی بۆ ئیسرائیل
به‌ڵام له‌ دوورمه‌ودا، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌وروپییه‌كان شۆكێكی دیپلۆماسی ده‌نێته‌وه‌ و ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی دلێر ده‌كات به‌سه‌ر بنیامین نه‌ته‌نیاهۆدا، كه‌ ئێسته‌ نه‌ته‌نیاهۆ به‌ هیچ جۆرێك ڕێ به‌ كه‌س نادات له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ڕای خۆشی بڵێت، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌وروپییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی ناساندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی به‌ بێ هیچ پێشمه‌رجێك، ئیسرائیلییه‌كان و به‌تایبه‌ت ئۆپۆزسیۆنی نه‌ته‌نیاهۆ وا لێ ده‌كات ئارگومێنتەکەی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت و داواكردنی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا به‌هێزتر بكه‌ن، ئێسته‌ ئه‌مه‌ به‌دی ده‌كرێت. 

كرایگ چارنی ئه‌ندامی تیمی ڕاپرسییه‌كانی نێڵسۆن ماندێلا بووه‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كاندا و پێی گوتم، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت ڕوو نه‌دات، ئه‌وا دنیا تووڕه‌یی به‌سه‌ر ئیسرائیلدا ده‌بارێنێت، ئه‌و ناساندنانه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كانه‌وه‌، مشتێكی بچكۆله‌یه‌ له‌ خه‌رمانێك كه‌ له‌ ماوه‌ی ئاینده‌ له‌ ئیسرائیل ده‌بێته‌ تۆفان، ئه‌گه‌ر ته‌لئه‌بیب ئێسته‌ داوای چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت و ئاشتییانه‌ نه‌كات له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین، به‌م پێیه‌ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت، به‌ مه‌رجه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیله‌، به‌ڵام نه‌ته‌نیاهۆ به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی.  

باشووری ئەفریقا وەک وانەیەکی مێژووی بۆ ئیسرائیل
ئه‌ندامی تیمی ڕاپرسییه‌كانی ماندێلا باس له‌ شێوازی ڕووخانی ڕژێمی سته‌مكاری ئه‌فریقای باشوور ده‌كات و ده‌ڵێ، سه‌ره‌تا هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت ئابڵۆقه‌یان سه‌پاند به‌سه‌ر ڕژێمه‌ سته‌مكاره‌كه‌ و دواتر سزای داراییان دا، له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شاری ''سیتۆ'' له‌ باشووری وڵاته‌كه‌، له‌ ساڵی 1970 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هاته‌ پاڵ سزاكانی ده‌وڵه‌ته‌كانی تر و ئابڵۆقه‌ی خسته‌ سه‌ر ڕژێمی سته‌مكاری باشووری ئه‌فریقا، دواتر له‌ ساڵی 1980 له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ سزاكان زیاد كران و پاشان قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ باشووری ئه‌فریقا ڕاگه‌یه‌نرا، تا ئه‌و كاته‌ی دوو سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێڵسۆن ماندێلا و ئێف دبلیو دی كلێرك كۆتاییان به‌ ڕژێمه‌كه‌ هێنا، به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه‌ باسم كرد (سه‌ركه‌وتنی ماندێلا) گه‌شتێكی زۆر به‌ ئازار بوو. 


وشە - ئارا هێمن