ئەمەریكا سزای نوێ بەسەر رووسیا دەسەپێنێت

:: PM:10:11:14/02/2018 ‌

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێیان بۆ سەر رووسیا كرد و سەرۆكی ئەمەریكایش پێشوازی لە سەپاندنی سزاكان كردووە.

ستیڤ منوشن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە وتەیەكی لەبەردەم لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە راپۆرتێكم داوەتە سەرۆك لەبارەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا و ئەو پێشوازی لێ كرد و بەرپرسیارەتی سەپاندنی سزاكەیشی بە من سپارد و ئێستەیش كار بۆ سەپاندنی دەكرێت.

وەزارەتی گەنجەینەی ئەمەریكا لە سەرەتای ئەم مانگەدا "لیستی كرملین"ی بڵاو كردەوە كە نزیكەی هەموو نوێنەرانی سەركردایەتی رووسیای گرتەوە جیا لە گەورە كارسازانی ئەو وڵاتە كە ژمارەیان 200 كەس بوو و ئەو لیستە بە پێی یاسایەكی ئەمەریكایی دەرچوو لە 2017 ئامادە كراوە.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا راپۆرتەكەی ئەمەریكای بە كارێكی نادۆستانە و زیانبەخش بۆ پێوەندییەكانی هەردوو وڵات وەسف كرد و ئاماژەی كرد كە لە بەرژەوەندی رووسیادا نییە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا سنووردرا بكات و وەڵامی ئەو سزایانەی ئەمەریكایش ناداتەوە و تەنیا چاودێری دۆخەكە دەكات. 

سەرچاوە: سپۆتنیك




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل