ژمارەی دەنگدەرانی هەولێر و دهۆك ڕاگەیەنرا

:: PM:02:20:12/07/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ڕاستەقینەی تۆماری دەنگدەرانی هەولێر و دهۆكی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئارام نەجمەدین بەرپرسی فەرمانگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كورستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 76 بنكە نوێكردنەوە لە سنووری هەولێر هەن كە 36 بنكەیان لە ناوەندی هەولێرن بۆ نوێكردنەوەی ناوی دەنگدەران.

بەرپرسی هەولێری كۆمسیۆن گوتی، لە هەولێر ملیۆنێك و 112 هەزار و 132 دەنگدەر هەیە و پێویستی بە نوێكردنەوەش هەیە بە تایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە لە تۆمارەكە ناویان نییە پێویستە سەردانمان بكەن.

ئاماژەی دا، نوێنەری لایەنەكان دەتوانن لە ناوەندەكانی نوێكردنەوە ئامادە بن و لەدوای ئەم مانگەوە هیچ هێز و لایەنێك بۆی نییە تانە لە تۆمارەكە بدات، ئەگەر لەم مانگەدا نەهاتن، بۆیە ئێستە سەردانمان بكەن، هەروەها هیچ كەس لە مادەی 140 ناتوانیت دەنگ بدات، چونكە ناویان لە تۆمارەكەدا نییە.

هاوكات بەرپرسی فەرمانگەی دهۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كورستان ئاماری دەنگدەرانی ئەو شارەی خستەڕوو كە بریتییە لە 731 هەزار ناو و ئەگەری تۆمار و پێداچوونەوەش هەیە.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد