دەست بەنۆژەنكردنەوەی پردەكەی ڕێی هەولێر-كەركووك كرا

:: AM:10:59:09/08/2018 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ لەلایەن تیمەكانی ڕێگەوبانی هەولێر دەست كرا بە گواستنەوەی سەرجەم ئەو ئامێرانەی كە پێویستە بۆ نۆژەنكردنەوەی پردی ئاڵتوون كۆپری لە شارۆكەی پردێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، موقەدەم فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر لە نووسینێكی ئاشكرای كردووە، بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی هەولێر ئەمڕۆ دەستیان كرد بەگواستنەوەی سەرجەم ئەم ئامێر و كەلوپەلانەی كەلە بنیاتنانەوەی پردی ئاڵتوون كۆپری بەكار دێن.
 
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی داوە، بڕیارە بەشەكانی پردە ئاسنینەكەش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگوازرێتەوە و بەپێی زانیارییەكان هەوڵ دەدرێت كە بە 24 سەعات كار لەسەر چاككردنەوەی پردەكە بكرێت.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ ئاشكرای كردووە ئەو كارانە بۆ ئەوەیە بەر لەجەژنی قوربانی پیرۆز ڕێیەكە تەواو بێت و هاووڵاتییان لە خراپی ڕێ ڕزگاریان بێت.

شارۆكەی پردێ‌ دەكەوێتە باكوری شاری كەركووك، لە ساڵی ڕابردوو دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری باڵێكی سەرباز یەكێتی و هێرشەكانی حەشدی شەعبی پردی ئاڵتوون كۆپری تەقییەوە و بەو هۆیەوە ڕێی نێوان هەولێر و كەركووك داخرا و هاووڵاتییان پێویست بوو بە ڕێی تەقتەق بچنە كەركووك.



وشە - رامیار جەواد