جەنەڕاڵێكی سوپای ئەمەریكا وادەی كشانەوەیان لە سووریا ئاشكرا دەكات

جەنەڕاڵ جۆزێف فوتیل سەركردەی سەركردایەتی سەربازی ناوەندی سوپای ئەمەریكا رای گەیاند، ئەگەری زۆرە بەمنزیكانە سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەست بە كشانەوە بكات. دەڵێ لە عێراقیش پێویستیمان بە هێزی زیاتر نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، جەنەڕاڵ جۆزێف فوتیل سەركردەی سەركردایەتی سەربازی ناوەندی ئەمەریكی رای گەیاند، ئەگەر زۆرە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا سوپای پیادەی ئەمەریكا لە سووریا دەست بە كشانەوە بكات. گوتی "بە دیاریكراوی رۆژی كشانەوەی یەكەم كاروانی سەربازی ئەمەریكی لە سووریا، دەكەوێتە سەر رووداوەكانی لەسەر زەوی روو دەدەن، ئەمەش بەگوێرەی بڕیاری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ".

كشانەوەی سەربازانی ئەمەریكی لە سووریا لە كاتێكدایە بەشێك لە پێویستییە سەربازییەكان لە چەك و تەقەمی و چەكی قورس لە سووریا كشێنراونەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی سوپای ئەمەریكییە.

فوتیل كە سەرپەرشتی سوپای ئەمەریكا دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستە لە گەشتێكدایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وەڵامی رۆژنامەنووسان لە بارەی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا، دووپات لەوە دەكاتەوە ئەگەر دۆخی سووریا تێك نەچێت و رەوشەكە وەك ئێستە بێت، ئەوا لە چەند هەفتەی داهاتوو دەست بە كشانەوە دەكەن.

قسەكانی فوتیل لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری رابردوو بڕیاری كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا راگەیاند كە بەلای ئەمەریكییەكان و دنیاش جێی سەرنج بوو، بە دوایدا وەزیری بەرگری و بەشێك لە گەورە بەرپرسانی سەربازی وازیان لە پۆستەكانیان هێنا و دەستیان لە كارەكانیان كشاندەوە.

پێوەند بە عێراق كە ئێستە شەش هەزار سەربازی ئەمەریكی لێیە، فوتیل دەڵێ باوەڕ ناكەم ئیدارەی كۆشكی سپی بڕیاری زیادكردنی هێز لە عێراق بدات، بەڵام ئەو دەرگایە كراوەیە و دانەخراوە.

گوتی "وابزانم قەبارەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق بەشێوەیەكی گشتی جێگیرە، نامانەوێ هێزی زیاتر لە عێراق هەبێت كە پێویستیمان پێی نەبێت".



وشە - فه‌رمان سادق


AM:10:12:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 57 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌