ترەمپ: لە هەموو سەرۆكەكان زیاتر كار دەكەم

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر بڵاوكردنەوەی خشتەی كاری رۆژانەی هاتە دەنگ، دەڵێ لە هەموو سەرۆكەكانی پێش خۆم كاری زیاتر دەكەم.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر بڵاوكردنەوەی خشتەی كاری رۆژانەی كە رۆژی پێنجشەمی رابردوو بڵاوكرایەوە هاتە دەنگ.

ترەمپ لە تویتێكدا رای گەیاند، كاتی ئازاد لە خشتەی كاری رۆژانە ئاماژەیەكی ئەرێنییە نەك نەرێنی، گوتی "كاتێك نیشانەی + بەرانبەر بە كاتی دیاریكراو بۆ سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكار دەنووسرێت، ئەمە نیشانەی ئەوە نییە كە لە پشوودام بەڵكو لە كاردام،  لە راستیدا من لە هەموو سەرۆكەكانی پێشتر زیاتر كار دەكەم". زیاتر گوتی "ئەو كاتەی بوومە سەرۆكی ئەمەریكا، وڵات لە پشێویدا بوو، وڵات لە جەنگێكی بێ كۆتایی دا بوو، لە سەروبەندی جەنگ بوو لەگەڵ كۆریای باكور، كێشەی گەورەی لەبەردەم بوو پێوەند بە سنوور و ئاوارەكان لەگەڵ مەكسیك، سیستەمی تەندروستی خراپ بوو، زۆر شتی تریش".

تویتەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو ماڵپەری "ئەكسیوس" خشتەی كاری رۆژانەی ترەمپی بڵاوكردەوە كە بەگوێرەی خشتەكە ترەمپ تا سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ لە كاتی ئازاد دایە، ئەمەش دەنگۆیەكی گەورەی لێ كەوتەوە بەوەی سەرۆكی كاتێكی زۆری بەتاڵی هەیە. دەسەڵاتدارانی كۆشكی سپی رایان گەیاند كە بەدواداچوون بۆ دزە پێكردنی بەڵگەنامەكە دەكەن.

میك مالفانی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك بە وەكالەت، روونی كردەوە مەبەست لە كاتی ئازاد كە لە خشتەی رۆژانەی كاری سەرۆكدا هاتووە، كار ئاسانی بۆ سەرۆك دەكات بۆ هەڵسەنگاندنی كۆبوونەوەی رابردوو، هەروەها ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو.

ئەو گوتی "پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی سەرۆك سەعات شەش و نیوی بەیانی دەست پێ دەكات تا 11ی شەو، بۆیە دەتوانم بڵێم سەرۆك زۆر لەو كاتەی كە لە خشتەكەدا هاتووە، زیاتر كار دەكات".

دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەكە، ترەمپ فرمانی دەركرد بە لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەی دزە پێكردنی خشتەی كاری رۆژانەی، مالفانی دەڵێ لەم هەفتەیەدا ئەو كەسە دەدۆزینەوە كە دزەی بە بەڵگەنامەكە كردووە بۆ میدیاكان.


سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - فه‌رمان سادق


PM:05:33:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌