هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق یەكلا دەكرێنەوە

:: PM:03:59:14/02/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری دووپاتی كردەوە كە رێككەوتن لەسەر كاندیدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق  نزیكن لە چارەسەركردن، ئەوەیش دوای رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون لەسەر میكانزیمی یەكلاكردنەوەیان.

كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تشرینی یەكەمی 2018 لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ درا، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە پۆستەكانی ناوخۆ و بەرگری و داد یەكلا بكرێنەوە كە ململانێی لە نێوان لایەنەكانی شیعە و سوننە و كورد لەسەر هەیە.

عامڕ فایز ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، دیدار و كۆبوونەوەكانی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون بەردەوامە و نزیكبوونەوەیەكی دیار لە نێوانیاندا هەیە لەبارەی زۆرینەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان لەوانە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و كاندیدیانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری كە بۆ شیعە و سوننە دیاری كراون. 

زیاتر گوتی، پرسی كاندیدكردنی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری لە رێگەیە بۆ چارەسەربوون لە دوای رێككەوتنی نێوان سائیروون و فەتح لەسەر میكانیزمی دیاریكردنی مەرجەكانی وەزیر و روونی كردەوە دیاریكردنی كەسەكان ئێستە لەبارە و بەر لە دەست پێكردنی دووەم وەرزی ئەم خولەی پەرلەمان ئەو كارە تەواو دەبێت.

سێشسەمی رابردوو بزووتنەوەی عەتا كە فالح فەیاز سەرۆكایەتی دەكات دووپاتی كردەوە كە سەرۆكەكەی كە كاندیدە بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق نابێتە رێگر لەبەردەم تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و ئەو دەستبەرداری ئەو پۆستە دەبێت ئەگەر پێویست بكات، چونكە بەرژەوەندی نیشتیمانی لە پۆستەكە گەورەترە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل