ئەمەریكا داوایەك لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی دەكات

:: PM:04:13:16/02/2019 ‌
جارێكی تر ئەمەریكا داوا لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی دەكات لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران بكشێنەوە، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكاش داوایان لێ دەكات چیتر ئاستەنگ نەخەنە بەردەم سزاكانی واشنتن بەسەر تاران كە گەورەترین هەناردەكاری تیرۆرە لە دنیا.

لە میانی پێشكەش كردنی گوتارێك لە كۆنگرەی میونشن، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی دا كە ئێستە كاتییەتی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران بكشێنەوە و چیتریش ئاستەنگ نەخەنە بەردەم سزاكانی واشنتن بەسەر تاران.

پێنس گوتی "ئێران گەروەترین وڵاتی هەناردەكاری تیرۆرە لە دنیا لە رێگەی هاوكاریكردنی هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیلاندانانی بۆ هێرش كردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا". زیاتر گوتی "ئەمەریكا دەستەوەستان نابێت لەوەی هاوپەیمانانی چەك لە دوژمنانی بكڕێت و پێویستە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەشدارییەكی زیاتریان هەبێت".

قسەكانی پێنس لە كاتێكدایە ئەمەریكا لە حەوتی ئایاری 2018 لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران كشایەوە و دواتریش بە دوو گەڕ، سزای ئابووری خستەسەر ئێران.
 
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، لە میونشن دووپاتی لە هەڵوەشانەوەی داعش كرد و گوتی "لە عێراق و سووریا رووبەڕوویان بووینەوە، لە هەر شوێنێكی دنیاش هەبن رووبەڕوویان دەبینەوە".



وشە - فه‌رمان سادق