عەبادی هۆكاری نەبوونەوەی بە سەرۆك وەزیران ئاشكرا دەكات

:: AM:11:42:19/02/2019 ‌
حەیدەر عەبادی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ، هۆكاری نەبوونەوەی بە سەرۆك وەزیران ئاشكرا دەكا و دەڵێ هەندێك كودەتایان لەسەر كردم و خوێندنەوەی هەڵەشم بۆ هەندێك هەبوو، لە پاڵ ئەمانەشدا هەندێك لایەنی تر بە ئاماژەی ئەجێندای دەرەكی كاریان كرد، ئەمانە هۆكار بوون لەوەی نەبمەوە بە سەرۆك وەزیران.

حەیدەر عەبادی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ و سەرۆك وەزیرانی خولی پێشتر، لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی "ئەنادۆڵ" دەڵێ بە فەرمی خۆم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید نەكرد بووەوە، بەڵام كاندیدی هاوپەیمانی نەسڕ بووم و لە درەنگانێكیشدا بڕیارمدا بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن، گوتی "لە كاتی خۆیدا زۆر شتی تر هەیە ئاشكرای بكەم".

عەبادی دەڵێ هاوكێشەی سیاسی پڕە لە بۆمبی چێنراو و هاوكێشەیەكی پووچە، بەڵام هیوادارم عەبدولمەهدی سەركەوتوو بێت لە كارەكەیدا و ئەگەرچی وەك هاوپەیمانی نەسڕ بەشدار نین لە حكوومەت، چونكە پرسەكە تەنیا پێوەست نییە بە كەسەكان، بەڵام هێزە سیاسییەكانی دۆسییەكانی تەناهی و رۆشنبیری و خوێندنیشیان كردووە بە دەستەوارە و پشك پشكێنە، ئەمەش دۆخەكە ئاستەم تر دەكات.
گوتی "ئەوەی ئێستە هەیە هەڵسەنگاندنێكە بۆ توانای حكوومەت بەتایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆر، چونكە شەڕەكە لەسەر ئاستی تەناهی سەربازی هەواڵگری ئابووری و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە، ئەوەیشی بیەوێت لەو شەڕەدا سەركەوتوو بێت دەبێت تێگەیشتنی بۆ شەڕەكە و هاوسەنگییەكانی هێز و بەربەستەكان هەبێت".

عەبادی لە دیمانەكەی ئەنادۆڵ، باس لە پلانی خۆی دەكات ئەگەر بكرابووایەوە بە سەرۆك وەزیران، دەڵێ گەندەڵێ دامەزراوەیەكی سیاسی و كارگێڕییە، پێویستی بە لە ریشە دەرهێنانە، ئەمەیش پێویستی بە كاری بەردەوام و فرەلایەن هەیە، لە سەردەمی كابینەكەی مندا هەشت وەزیر دوور خرانەوە و دەیان بریكاری وەزارەت و سەدان پلەی تایبەت دوور خرانەوە و درانە دادگا، دەیان یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەرچووێنران، ئەگەریش ببوومایەوە بە سەرۆك وەزیران بەردەوام دەبوون لەسەر ریشەكێش كردنی گەندەڵی". زیاتر گوتی "هەمووان دەزانن كاتێك لە مانگی تەمووزی 2015 بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیم راگەیاند، یەكێك لەو كارانەی ئەنجامماندا كەمكردنەوەی مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكە بوو بۆ 50%، هەروەها مووشەی بریكار و راوێژكارەكان بۆ 40% و فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتییەكە بۆ 30%، هەروەها جێگرانی سێ سەرۆكایەتییەكەمان هەڵوەشاندنەوە، لە 2016یش مووشەی ئەندامانی پەرلەمانمان بۆ نیوە كەم كردەوە، رەنگە ئەمە یەكێك بێت لەو هۆیانەی نەبوومەوە بە سەرۆك وەزیران چونكە لای پەرلەمانتاران خۆشەویست نەبووم بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دژ بە مووچە و دەستكەوتە داراییەكانی ئەوام ئەنجامم دا".
حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی خولی پێشتر، دوای رەتكردنەوەی خولی سێیەمی نوری مالیكی لە 2014 لەلایەن هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كرایە كاندید بۆ ئەو پۆستە، لە هەڵبژاردنی رابردووش لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جیا بووەوە و هاوپەیمانی نەسڕی پێكهێنا و بەشداری لە هەڵبژاردن كرد.
بەگوێرەی ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی نەسڕ كە عەبادی سەركردایەتی دەكات 41 ئەندامی لە پەرلەمان هەیە.
 



وشە - فه‌رمان سادق