هۆكاری رانەگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش ئاشكرا دەبێت

:: PM:12:29:19/02/2019 ‌
هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دانوستاندن دایە لەگەڵ پاشماوەی چەكدارانی داعش لە دوا مۆڵگەیان لە سووریا كە ناوچەكە بێ شەڕ چۆڵ بكەن، هاوكات لە هەوڵی پاك كردنەوەی زەوییە كشتووكاڵییەكانی ناوچەكەش دایە لە مین و بۆمبی چێنراو.
ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات/ فێبرایەر، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد هۆكاری رانەگەیاندنی سەركەوتنی یەكجاری لە سووریا بەسەر داعش دەگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنی هێزەكانی سووریا دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان، هێزی سەرەكی هەسەدەیە، لە هەوڵ و دانوستاندن دایە لەگەڵ پاشماوەی چەكدارانی داعش كە یان خۆیان بە دەستەوە بدەن یانیش ناوچەكە چۆڵ بكەن.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاماژە بەوەش دەدات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە بۆ پاك كردنەوەی زەوییە كشتووكاڵییەكانی ناوچەكە لە بۆمب و مینە چێنراوەكانی داعش، ئەم دوو هۆیەش وایكردووە سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعش دوا بەشێوەی فەرمی دوا بكەوێت.
"هێزی كوردی و چەكدارانی داعش لە گوندێكی دەوروبەری دێرەزور لە رۆژهەڵاتی فوڕات لە گفتوگۆ و دانوستاندن دان، هێشتا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك". روانگەی سووری وا دەڵێت، هێما بۆ ئەوەش دەكات كە هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، چالاكییەكیان دەست پێ كردووە بۆ پاك كردنەوەی زەوییە كشتووكاڵییەكانی ناوچەكە كە پڕن لە بۆمب و مینی چێنراو و تونێل كە داعش پێشتر بەكاری هێناون.
گوتی "چەكدارانی داعش داوایان لە یەكینەكانی پاراستنی گەل كردووە كە رێگەیەكی ئارامیان بۆ فەراهەم بكەن تا ناوچەكە چۆڵ بكەن، پێدەچێ ئەو هێزە بەرەو بیابانەكانی ئەنبار لە عێراق بچن، بەڵام سەركردەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل ئەو داوایەی داعشیان رەت كردووەتەوە، بەڵام رەزامەندیان نیشان داوە كەلوپەلی خۆراك بۆ زیاتر لە 300 كەس دابین بكەن كە خانەوادەی داعشیش لەنێو هاوڵاتیانی سڤیل هەن كە لە ژێر دەستی داعش گیریان خواردووە".
 
یەكینەكانی پاراستنی گەل، داوایان لە چەكدارە داعشەكان كردووە كە كەمپێكیان لەنێوان ناوچەی باغوز و رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات بۆ دەكەنەوە و لەو كەمپەدا نیشتەجێ بن، هەروەها داوای ئازاد كردنی بەندكراوەكانی خۆیشیان لە داعش كردووە.

دانوستاندنەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەگەڵ پاشماوەی چەكدارانی داعش لە كاتێكدایە مەزڵوم كۆبانێ سەركردەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات داوای مانەوەی هەزار بۆ هەزار و 500 چەكداری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات بۆ یارمەتیدانیان لە رووبەڕوو بوونەوەی داعش، هیوایشی خواست ئەمەریكا پشتیان تێ نەكات و بەردەوم بێت لەسەر كۆمەك كردنیان و بە تەواوەتیش سوپاكەی لە رۆژئاوای كوردستان نەكشێنێتەوە.
 



وشە - فه‌رمان سادق