لەسەر دوورخستنەوەی فەیاز فەتح و سائیروون رێككەوتن

:: PM:07:57:20/02/2019 ‌
دواجار هاوپەیمانی فەتح و سائیروون لەسەر دوورخستنەوەی فەیاز لە كاندید كردن بۆ وەزارەتی ناوخۆ گەیشتنە رێككەوتن، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بێت فەیاز دەكرێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەناهیی.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی شوبات/ فێبرایەر، سەرچاوەیەكی نزیك لەناو هاوپەیمانی فەتح، ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانی فەتح رازی بووە بە كشاندنەوە و كاندید نەكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی سائیروون، بەو مەرجەی فەیاز بكرێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەناهیی.

سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، روونی كردەوە كە هاوپەیمانی فەتح رازی بووە بە كشاندنەوەی فەیاز بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانی لەوە زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانی سائیروون زیاتر نەبێت كە ببێتە بەربەست لە بەردەم حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و بەرنامەی خزمەتگوزاری حكوومەت بۆ هاووڵاتییان، گوتی "هەردوو هاوپەیمانی رێككەوتوون فەیاز بكەن بە جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری تەناهیی، هەردوو هاوپەیمانیش لە گفتوگۆكانیان گەیشتوونەتە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو و رۆژانی داهاتوو رێككەوتنەكە بە فەرمی رادەگەیەنن و شیروان وائیلی لە جێگەی فالح فەیاز كاندید دەكرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆ".
 
زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە لە كاتێكدایە پێشتر دەنگۆی زیاد كردنی وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی قسەی لەسەر كرا بوو كە فەیاز بكرێتە وەزیری ئەو وەزارەتە.

عەباس علیوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی شەوی رابردوو رای گەیاند هەموو بڕیارەكانی لە لیژنەی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانی فەتح و سائیروون دەردەچێت، پاشان دەخرێتە بەردەم هێزە سیاسییەكانی تر، گوتی "هەردوو هاوپەیمانی رێككەوتوون كە تاكڕەوی لە بڕیارەكانیان نەكەن كە پێوەندار بێت بە پڕۆسەی سیاسی".

جێی بیرخستنەوەیە وەزارەتی ناوخۆ یەكێك بووە لە گرێ كوێرەكانی بەردەم حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی كە لە 24ی ئۆكتۆبەری 2018 لە پەرلەمانی عێراق متمانە بە 14 وەزیری دراوە و یەكێك بووە لەو هەشت وەزارەتەی تا ئێستە هاوشانی وەزارەتەكانی بەرگری و داد و پەروەردە یەكلا نەبوونەتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق