گه‌وره‌ترین ده‌سته‌واژه که بوونی مرۆڤ له قه‌واره جیاجیاکاندا تێیدا تیۆریزه بکرێت، ده‌سته‌واژه‌ی شوناسه. شوناس به‌ر له‌وه‌ی سه‌پێنراوێکی سیاسی یان حزبی و ته‌نانه‌ت کولتووریش بێت، بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و فۆرمێکی بوونناسانه‌یه. واته ئێستە ئه‌گه‌ر له پانتایی گوتاره سیاسییه‌کان و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا لێکدراوی وه‌ک شوناسی سیاسی، شوناسی کولتووری، شوناسی کۆمه‌ڵایه‌تی و هتد ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌وه هه‌مووی ده‌رکه‌وته و تیشکی ئه‌و هه‌تاوه گڕداره بێ نیازه‌ی شوناس و بوونێکی شوناسمه‌ندانه‌ی مرۆڤه. هه‌موو دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتوورییه‌کانیش ته‌نیا و ته‌نیا بۆ خزمه‌ت به ئه‌و شوناسه و هه‌ڵگرانی ئه‌م شوناسه‌ن که بوونیان مانا ده‌کرێته‌وه. تێکه‌ڵاویی و یه‌کانگیریی جه‌وهه‌ریی شوناس و هه‌ڵگرانی شوناس، به ڕاده‌یه‌که ده‌توانین بڵێین هه‌ڵگرانی شوناس و شوناس خۆی، له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک ڕۆحن که بە باڵای دوو جه‌سته‌دا دووراون.
بۆ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان شوناس خه‌زێنه و سه‌رچاوه‌ی پاراستن و مانه‌وه‌یه‌تی، به تایبه‌تی بۆ کورد که له دانیشتووه هه‌ره ڕه‌سه‌نه‌کانی ناوچه‌ی میزۆپۆتامیا و نێوان دوو ڕووبار بووه و هه‌موو داگیرکه‌رانی ده‌وروبه‌ری خه‌ریکی دزین و بارکردنی ئه‌م خه‌رمانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی شوناسی ئه‌ون، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی سیاسی و میدیایی و ڕۆشنبیری. نابێ ئه‌مه‌مان له‌بیر بچێت سیستمی سیاسی له کوردستانیش وه‌ک هه‌موو وڵاتانی دیکه، ده‌بێ له خزمه‌تی ئه‌و شوناسه به‌رز و بڵنده‌دا بێت که له ڕووی مادی و مه‌عنه‌وه‌ییه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌کت و جووڵانه‌وه شۆڕشگێڕییه‌کان بووه.
شوناسی کوردی په‌راوێز و سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نییه و نابێت، به‌ڵکوو سه‌رچاوه و هۆی ده‌سه‌ڵات و خواستی سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌یه، به‌ڵام ئایا ئه‌م هاوکێشه لۆجیکییه-مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، له‌ناو هاوکێشه‌کانی حوکمڕانی و هێز له کوردستاندا ڕه‌چاو کراوه و ده‌کرێت؟ بێگومان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و هێزه شۆڕشگێڕانه‌ی له کوردستان و له درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا خه‌باتی سیاسی‌یان کردووه، هێزی مه‌عنه‌وی و توانایی گوتاریی خۆیان له‌م سه‌رچاوه مه‌زنه میتافیزیکییه‌ی شوناسه‌وه وه‌رگرتووه و نموونه‌ی هه‌ره دیار، شۆڕشی ئه‌یلوولە که له هه‌ناوی ته‌ریقه‌ته‌وه و له حوجره‌ی خانه‌قاکانی بارزانه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی ئاماژه‌کانی ئێسته دۆخی کولتووری و شوناسی که‌ونینه‌مان بۆ ئه‌وه ده‌چن که ئه‌وکات شوناسه‌که‌مان پاک و بێگه‌ردتر و پارێزراوتر بوو، هه‌م له ڕووی زمان و داونه‌ریته‌وه و هه‌م له ڕووی فۆرمه هونه‌ری و مه‌عریفییه زاره‌کییه‌کانمانه‌وه، هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وکات ئه‌م شوناسه خه‌ساری که‌متری به‌رکه‌وتبوو، ئه‌وه‌یه که ئه‌وکات ڕۆحی به‌رخۆدان و خۆپاراستن هاوشانی چه‌کی پێشمه‌رگه له چڵه‌پۆپه‌دا بوو، ده‌یزانی چی له بێژنگ بدات و کامه دیارده و توخمی کولتووری و زمانی و... لەگه‌ڵ پێکهات و ڕۆحی ئه‌ودا وێک دێته‌وه و کامه‌یان وێک نایه‌ته‌وه، هۆی تریش ئه‌وه‌یه پاش ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حوکمڕانی کوردیی، دانوستانی دیارده کولتوورییه‌کان و شوناسه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتری ناسک‌تر و ئاڵۆزتره له‌وه‌ی که به‌بێ پلانێکی کولتووری ئه‌و میتافیزیک و مه‌عنه‌وییه‌ته سه‌رچاوه‌یه بپارێزرێت.
هه‌ربۆیه له دانوستان له‌گه‌ڵ کولتووری وه‌ک فارسی،تورکی و عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ڕۆژئاواییش و به‌گشتی بیانی، کڵاوڕۆژنه‌ی خه‌سارلێکه‌وتنمان زیاتر به‌ره‌وڕوودا کراوه‌یه، چونکه وه‌ک سه‌رده‌می شاخ فیگه‌ری به‌رگری و شۆڕشمان نه‌بوو و که‌وتینه ناو پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزی کۆمه‌ڵایه‌تی-کولتووری له‌گه‌ڵ شوناسه زۆڵ و پڕ پێچوپه‌نا و ڕه‌نگگۆڕه‌کانی وه‌ک فارس که سه‌تان ساڵه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی جێگیریان هه‌یه و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات و کایه‌ی کولتوورییان زۆر پڕ عیشوه و چاوبه‌ستکارانه بووه.
ئه‌گه‌ر وه‌ک نموونه باسی کوردستان بکه‌م، شاری سلێمانی باشترین نموونه‌یه که وه‌ک شاری ڕۆشنبیری و کولتووری پێشینه و مێژوویه‌کی هه‌یه، شارێک که که‌سانی وه‌ک به‌ختیار عه‌لی و ده‌یانی تر‌ی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه و ئه‌ده‌بی ئێمه‌یان برده ناو پانتاییە گه‌وره‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانییه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو کوردستان هه‌ر به ئه‌دیب و شاعیر ناسراوه و من باسم له‌سه‌ر سلێمانییه لێره.
دوای ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حکوومه‌تی کوردستان، فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌ک ستراتیجێکی کو‌لتووریی ژیرانه دامه‌زرا که ساڵانه له وه‌رزی پایز و مانگی گه‌لاوێژدا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌رگایه‌کی کولتووری و ئه‌ده‌بی بوو به‌سه‌ر ئه‌و شوناسه مه‌زنه سه‌رچاوه‌ییه‌ی که باسم کرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی له سلێمانی له درێژه‌ی ساڵانێکی زۆر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نه‌یتوانیبوو فۆرمێک له شوناس و ئه‌ده‌بی خۆی به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و بنکه‌دار له‌ناو سنووره‌کانی کۆماری ئیسلامی له تاران یان هه‌ر شارێکی دیکه بکاته‌وه، ئه‌مه بۆشاییه‌ک بوو پێده‌چیت مام جه‌لالی ویستبێتی له ڕێی پێدانی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕێژه‌یی کراوه به مه‌لا به‌ختیار بۆ به‌ڕێوبه‌ردن و په‌ره‌پێدانی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌ک ئه‌و قه‌ڵغان و هه‌ندێجار شمشێره دره‌وشاوه‌یه به‌کار بێنرێت تا ئه‌و بۆشاییه‌ی پێ پڕ بکرێته‌وه و له ڕاستیشدا له ماوه‌ی چه‌ندان ساڵدا کاریگه‌ریی باشی له کۆکردنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌کانی پارچه جیاوازه‌کانی کوردستاندا هه‌بوو.
ده‌کرێت بڵێین به‌شێوه‌یه‌کی ناهوشیار و له سۆنگه‌ی ئه‌ده‌ب و کولتوورەوە، له چوارچێوه‌ی ئه‌و شوناسه مه‌زنه‌ی باسم کرد، سنووره ده‌سکرده سیاسییه‌کانی کاڵ کردبووه‌یه‌وه، هه‌رچه‌ندە چالاکییه‌کانی هه‌ڵگری په‌راوێز و ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوون و هه‌ن، فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ قۆناغێکی باش و ڕۆشنگه‌ر بوو و هاوکات پێوه‌ندییه‌کی ئه‌رێنی و بێسنووری له نێوان پارچه‌کانی کوردستاندا دروست کرد و به ڕاده‌ی خۆیشی کاریگه‌رییه‌کانی بینراون، ئه‌گه‌رچی چه‌ند ساڵێکه ئه‌و ڕه‌ونه‌قه‌ی جارانی نه‌ماوه و به هۆکاری سیاسیی و شه‌خسی و ... ئه‌و پێشوازییه‌ی جارانی لێ ناکرێت.
ئه‌و هێزه‌ی سلێمانی حوکم ده‌کات، به‌هۆی ململانێ و قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانییه‌وه به تایبه‌تی دوای ڕووداوه‌کانی هه‌شتی ته‌مووز، هه‌رچییه‌ک بابه‌تی کولتووری و ڕۆشنبیریی بێت، پشتی تێ کرد و پشتگوێی خست و له به‌رانبه‌ریدا هه‌ندێک ڕۆتینیات و کرده‌وه‌ی ئه‌خلاقئامێزانه له داخستنی چه‌ند باڕ و یانه‌ی شه‌وانه‌ی دیاریکراودا، ئه‌نجام دا که خۆی چرا سه‌وزێک بوو بۆ هاتنه‌پێشی زیاتری گرووپه ڕادیکاڵه توندڕه‌وه ئاینییه‌کان له شێوه جۆراوجۆره‌کانیدا و ئێسته‌یش پاش کۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌کێتی، به‌هۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسیی و شه‌خسی نێوان "به‌رپرسی ده‌زگای چاو‌دێر"ی پێشوو و به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی نیشتمانی، ته‌گه‌ره له به‌رده‌م ئه‌و فێستیڤاڵه و پشتیوانییه داراییەكانیدا دروست کراوه و ته‌نانه‌ت له‌ڕووی میدیاییشه‌وه له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتییه‌وه پشتی تێ کراوه، به وته‌ی مه‌لا به‌ختیار، زه‌ره‌رێکی زۆری مادییان به‌و هۆیەوە به‌رکه‌وتووه.
سلێمانی که به شاری داهێنه‌ر و ڕۆشنبیریی ناسراوه و تۆمار کراوه، ئه‌م تاکه فێستیڤاڵه دیاره دواده‌روازە بوو که مرۆڤی ڕۆشنبیر و ئه‌ده‌بدۆست و داهێنه‌ر له‌وێوه ده‌لاقه‌ی هیوا به‌ره‌و دواڕۆژی شوناس و خه‌ونه‌کانیان بکه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئاسمانی ئه‌مساڵی گه‌لاوێژی سلێمانی، لێڵتر و بێ ڕه‌ونقه‌تر له ساڵانی پێشوو بوو و مژده‌ی هیچ بارانێکیش له‌م هه‌وره‌ڕه‌شه وه‌همییانه‌وە ناگات. ئێستە دەبێ بپرسین ئایا ڕێبازی مام جه‌لال به ڕاستی ئه‌م داخران و فکرکوژییه بوو؟