له حاڵێكدا له ماوه‌ی ڕابردوو لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، سه‌رقاڵی كۆنگره‌به‌ستن و ململانێی ناوخۆیی بوون و نایه‌كگرتوویی و ناته‌بایی بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی گورزێكی كه‌مه‌رشكێن به‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێت، ده‌یان گێچه‌ڵ و گرفتی تر بۆ ده‌سه‌ڵاته سه‌روه‌ری و یاساییه‌كانی هه‌رێم دروست بكرێت، داگیركه‌ر به شێنه‌یی و له‌سه‌رخۆ و به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك، خه‌ریكه خۆی له هه‌رچی هێما و برینی ئێمه‌یه، ده‌دزێته‌وه و حاشا له جه‌لادبوونی خۆی ده‌كات و به هه‌ره‌وه‌زییه‌كی شۆڤێنی و ده‌سه‌ڵاتته‌وه‌رانه‌وه، برینه‌كانمان پشتگوێی ده‌خات.
له میانه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه به‌رچاوم كه‌وت، هه‌ر له كۆنگره دیموكراسی كوژه‌كه‌ی یه‌كێتی، تا گوتاره مردووه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ململانێ‌یان بۆ پۆست و دابه‌شبوونی، هه‌واڵی دواكه‌وتنی بڕگه‌ی ده‌نگدان به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بۆ من له هه‌موویان سه‌رنجڕاكێشتر بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی تر به ئاستی پێویست كاره‌ساتاوی نین و گوزارشت له قه‌یرانێكی سه‌رتاپاگیر له دۆخه‌كه ناكه‌ن، ئه‌مه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌رخه‌ری سیاسه‌تێكی كاژخستووی فاشییانه‌ی به‌عسزه‌ده‌ی عێراقی نوێ نه‌بێت. هه‌مدیسان نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه گۆڕینی پله‌ی ئیداریی هه‌ڵه‌بجه یان نه‌گۆڕینی به واتای ئه‌وه بێت شتێكی گرنگ له زه‌ینییه‌ت و سۆبژێكتیڤیته‌ی عێراقی تایفی و خێڵه‌كیی نوێ هاتبێته ئاراوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی په‌لكێشی سه‌رنجی منی كرد، سته‌ممانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه له نێوان ململانێی حزبی و سیاسیی له كوردستان له ئاستی مافه سیاسی، یاسایی و مه‌عنه‌وی و ڕه‌مزییه‌كانی له‌لایه‌ك و خواستی بیربردنه‌وه و سه‌ركوتكردنی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك میتافۆڕ و ڕه‌مز، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كیی شۆڤێنیی داگیركه‌ری عێراقی له‌لایه‌كی تره‌وه‌یه.
ڕاستییه‌كه‌ی له پاراستنی قه‌واره‌یه‌كی ئۆبژه‌كتیڤ و جیۆگرافی و سیاسی‌دا ڕه‌نگه زۆر هۆكار و لۆسه‌ی وه‌ك نه‌وت (له ڕووی ئابووریی به‌هێزه‌وه)، سوپا و له‌شكر (له‌ڕووی هه‌یمه‌نه و هێزی به‌رگری و پاراستنه‌وه)، داوده‌زگای سیستماتیك و دوور له گه‌نده‌ڵی، په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی نیشتمانی و... ڕۆڵ بگێڕن، به‌ڵام به‌بۆچوونی من، ئه‌مانه ده‌بێت به‌ركار و ده‌رهاوێشته‌ی بكه‌ر و ڕه‌مزه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالن. به‌دڵنیاییه‌وه تێنه‌گه‌یشتن له هه‌ڵه‌بجه هه‌م له ئاسته ناوخۆییه‌كه‌ی كوردستان، به‌شێك له‌م كێشه و لاوازییه مه‌عنه‌ویی و بێ ئینتیماییه‌ی دروست كردووه، له هه‌ڵه‌بجه كه یه‌كێك له جه‌مسه‌ره به‌شدار و هۆكارییه‌كان له دابارینی كاره‌ساتی كیمیایی به سه‌ریاندا، هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوون، ئێسته خۆیان له ژێر كاریگه‌ریی كولتووریی فارسی-شیعیدان، ئه‌مه یه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانی قوربانیكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یه كه دوژمنان و خوێنمژانی خۆی له به‌رچاو كاڵ بێته‌وه.
بێگومان ڕۆڵی نه‌رێنیی هێزه سیاسییه كوردییه‌كان و گوتاری ڕۆشنبیری و به‌تایبه‌تی گوتاری ئاینی له‌م دۆخه ناوخۆییه‌دا حاشاهه‌ڵنه‌گره، كاتێك هه‌ڵه‌بجه له ڕووه ناوخۆییه‌كه‌ی كوردستان وه‌ك گوتارێكی شوناسمه‌ندانه‌ی هه‌ڵقوڵاو له كێم و زووخاوی برینێكی قووڵ مانیفێست نه‌كرد، كاتێك باسی پاسدار و حیكایه‌تی قاسه‌ی بانك و لایه‌نه شاراوه‌كانی هێزی كوردیی ئه‌و شاره، ده‌بێت به باسی زاڵ و كێم و زووخاو و خوێنی دایكان و منداڵان و باوكانی و كچان و كوڕانی هه‌ڵه‌بجه، ئیتر نابێت به ئامیان و هه‌وینێك بۆ گێڕانه‌وه له جه‌مسه‌ره جیاوازه‌كان و له ڕووبه‌ڕووی داگیركه‌ردا مانیفێست ناكرێت، داگیركه‌ر و ڕۆح و زمانه كوشنده ئه‌نفالییه‌كه‌ی ناخاته به‌ر گومان و پرسیاره‌وه، ده‌بێت چاومان بۆ چ ئاسۆیه‌كی ڕوون بكه‌ینه‌وه؟.
له‌م ڕووه‌وه ئێمه وه‌ك كورد به‌رپرسیارین له ناساندن و گێڕانه‌وه‌ی كاره‌سات و ڕه‌مز و برینه‌كانمان و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه هه‌ڵه‌بجه، ئه‌م كه‌موكوڕی و بۆشاییه وایكردووه زمانی داگیركه‌ر، هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌ر ناو و وشه‌یه‌كی ئاسایی له عێراقدا ببینێته‌وه، واته نه‌ست و سۆبژێكتیڤیته‌ی داگیركه‌ر نه هه‌ڵه‌بجه به شارێكی غه‌یری عێراقی و كوردی ده‌زانێت، نه به‌لاشیه‌وه گرنگه چ برینێكی لێ كه‌وتووه و له به‌رچی لێی كه‌وتووه! كوا ئاماده‌یی جیاوازیی هه‌ڵه‌بجه له گوتاری سیاسی، ئه‌ده‌بی و كه‌لتووریی عێراقدا ئه‌گه‌ر شۆڤێنیی نییه؟!
من پێم وایه هه‌ر ئه‌م كه‌یسه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین عێراق ڕه‌نگه ده‌یان ساڵی تری پێ بچیت تا ژێرخانه كولتوورییه‌كه‌ی بگاته ئاستێك، ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی كورد وه‌ك ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ببینێت و سه‌رده‌می جه‌لادی و دڕنده‌یی باپیرانی به بوێرییه‌وه پێشان بدات و ڕه‌خنه‌ی بكات، سه‌ری ئینساندۆستی دانه‌وێنێت له هه‌مبه‌ر ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا و ئه‌وكات ڕێزێكی مه‌عنه‌وی بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ نه‌ست و ناوشیاریی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی و كورد به‌گشتی. ئه‌مه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه كه ته‌یمووری ئه‌نفال ده‌ڵێت: "كاتێك د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق بوو، پێم گوت جه‌نابت ئێسته سه‌رۆك كۆماری ئه‌م وڵاته‌یت، بۆ داوای لێبوردن له كورد به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه ناكه‌ی كه عێراق به‌سه‌ریدا هێناوه،؟". له درێژه‌دا ده‌ڵێت: "د. به‌رهه‌م گوتی قسه‌ی قۆڕ مه‌كه!" خودی ئه‌مه پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه سیاسییه‌كانی ئێمه له تێگه‌یشتن له ڕه‌مز و برینه‌كان چه‌نده ترسنۆك و كۆڵه‌وار و نابه‌پرسن، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه كه عێراقی داگیركه‌ر به بای خه‌یاڵیشیدا نایه‌ت له ئاسته ئیدارییه‌كه‌شیدا هه‌ڵه‌بجه بكرێت به پارێزگا و ئه‌وكات ڕه‌نگه و ڕه‌نگه هه‌ندێ ئیمتیازاتی ئیداریی به ناو كونه‌ده‌رزیی شۆڤینییه‌ت و تایفه‌گه‌رێتی به‌غداوه بۆ هه‌ڵه‌بجه ئاودیو بكرێت.
یانی هه‌ڵه‌بجه نه‌ك له ئاسته ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وییه‌كه‌یدا، به‌ڵكو له ئاسته ئیدارییه‌كه‌شیدا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و په‌رله‌مانتاره خێڵه‌كییه شۆڤێنییه‌كانیان، هیچ پێگه و جێیه‌كی نییه و كوردیش خه‌ریكی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی حزبه‌كانێتی به كۆنگره به‌ستن و ململانێی پۆست و پله و پایه‌وه.
زه‌ینییه‌تناسیی داگیركه‌ر به نیسبه‌ت ئێمه و برینه‌كانمانه‌وه، به‌شێكی به‌ناو سه‌رزه‌وینی "خۆناسی" له زه‌ینییه‌تی ئێمه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا ئاماده‌یه له عێراقی ئێسته، نه‌ك ته‌نیا خۆدزینه‌وه له‌و هێما كوردییانه، به‌ڵكو كاڵكردنه‌وه و فه‌رامۆشكردنه، داگیركه‌ر تا ئیسته‌ش قبووڵی نه‌كردووه كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و كوێركردنی گونده‌كان و خاپووركردنی كانییه‌كانی كوردستان گوناه و تاوانێتی، به‌ڵكو به‌پێی ڕۆحییه‌ت و زه‌ینییه‌تی داگیركارانه و خۆبه‌زلزانانه وه‌ك شانازی و فه‌خرێكیش له نه‌ست و ناوشیاریدا شه‌پۆلان ده‌دات، وه‌ك به‌سه‌رهاتی ئه‌و كوردانه‌ی كه له ناو به‌له‌مه‌كانی ئیجه‌دا برا عه‌ره‌به‌كان پێیان ده‌گوتن، ئێوه كوردن به هه‌ر شێوه‌یه‌ك نوێژ بكه‌ن قبووڵ نییه لای خودا و ئێمه!.
بێگومان ئه‌م گوزاره و ڕسته‌یه هێنده‌ی تێدا نییه ئێمه یاسایه‌كی گشتی و گشتگیر بۆ دۆخی زه‌ینییه‌تی عه‌ره‌بی ده‌ربكه‌ین، به‌ڵام كه‌شی زاڵ له زه‌ینییه‌تی ئه‌وان هه‌ڵبژارده‌بوونیانه لای "الله"یه و هه‌ر ئه‌م خاڵه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی وای مه‌زه‌نده بكه‌ن كه دنیا له سۆنگه‌ی زمان و پێغه‌مبه‌ر و به‌هاكانی كولتووریی ئه‌وانه ماناداره، ئه‌وانی تریش ده‌بێت ملكه‌چی ئه‌م ڕاستییه بن، ئه‌م تێڕوانین خۆی یان باشتره بڵێم نه‌سته وا ده‌كات هیچ هه‌ست به گوناهێك نه‌یانگرێت له ئاستی گشتیدا، چ له هه‌مبه‌ر پاكیزه و بێگوناهه‌كانمان و چ له هه‌مبه‌ر عاریف و ته‌قواداره‌كانمانه‌وه! ئه‌مه حیكایه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌یه!