وەزیری شارەوانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی چەندان پڕۆژەی دەركرد

:: AM:10:43:12/08/2020 ‌
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری داوە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی تا ئێستە كاریان تێدا نەكراوە، زەوییەكانیان لە سەرجەم ئەو وەبەرهێنەرانە وەربگیرێتەوە كە بە گرێبەستی بانەوانی "مساتەحە" وەریان گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی ئاب، بەپێی نووسراوێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانیی شارەكان هاتووە، بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بەگرێبەستی بانەوانی (مساتەحە) دراون، بەڵام لە ماوەی یاساییدا دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكراوە.

بڕیار دراوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دەستەی وەبەرهێنان بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە كە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە ڕابردوودا پێ دراوە 
لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، بڕیار دراوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دەستەی وەبەرهێنان بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە كە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە ڕابردوودا پێ دراوە، بەڵام دەستیان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكردووە.

ئەو بڕیارەی وەزیری شارەوانی ئاراستەی شارەوانییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە كراوە و داوای جێبەجێكردنی كراوە.

پێشتر دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری لێسەندنەوەی ئەو پڕۆژانەی دابوو كە كاركردن تێیاندا وەستاوە و بڕیار بوو بدرێت بە وەبەرهێنەری نوێ‌ تا پڕۆژەكان تەواو بكەن.



وشە - رامیار جەواد