مستەفا كازمی: گفتوگۆی ستراتیجی دەروازەیەكە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی عێراق

:: PM:07:12:08/04/2021 ‌

دوێنێ چوارشەم سێیەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە چوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامەكانی بە دەسكەوت دانا، باڵوێزی ئەمەریكایش لە عێراق وردەكاریی گفتوگۆكە ئاشكرا دەكات.

كازمی، ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك نووسیویەتی، ئەنجامی سێیەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی، دەروازەیەكە بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی لە عێراق بەو شێوەی گونجاوە، ئەوەیش دەسكەوتێكە و شایەنی ئەوەیە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بكەین لەسەری.
بوونی هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمیی دەسەڵاتدارانی عێراقە
زیاتر گوتی، گفتوگۆ باشترین رێگایە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان، گەلەكەمان شایەنی ئەوەیە لە ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندندا بژیت، دوور لە ململانێ و جەنگ و چەكی بەرەڵا و سەركێشییەكانەوە.

لای خۆیەوە ماسیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق باسی گفتوگۆ ستراتیجییەكەی كرد و گوتی، لە گفتوگۆیەدا تاوتوێی چوارچێوە جیاوازەكان كراوە، لەوانە ئاسایش و نەهێشتنی تیرۆر و تەندروستی و كولتوور و ئابووری.

دووپاتی كردەوە، ئەركی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق راوێژكاری و راهێنان و پاڵپشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و پەرەپێدانی توانا شەڕوانییەكانیەتی، ئاماژەی كرد، بوونی هاوپەیمانان لەسەر خاكی عێراق لەسەر داوای فەرمیی دەسەڵاتدارانی عێراقە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل