هێزە سیاسییەكانی عێراق بەرەو دوو ئاراستە دەچن

:: PM:07:20:25/10/2021 ‌

پێ دەچێت تا گەیشتنی هێزەكانی شیعە بە رێككەوتن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی پەسندكراوی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رانەگەیەنێت، لێرە و لەوێ قسەی جیاواز دەكرێت، بەڵام نزیكترین سیناریۆ ئەوەیە هێزە سیاسییەكانی عێراق بەرەو دوو ئاراستە بچن.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری شیعەی سەربەخۆ دەڵێت، دۆخەكە بەو ئاراستەیە دەچێت كە موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و هاوپەیمانەكانیان و هێزەكانیتریش بچنە ناو یەك هاوپەیمانی و بەرە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی تەوافوقی لە عێراق بچن.
ناڕازییەكان: ژماردنەوەی بەدەستی تەواوی دەنگەكان یان دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن
زیاتر گوتی، ئەو هاوپەیمانیەتییە هەمان سیناریۆكانی قۆناغی پێشوو دووبارە دەكاتەوە، هاوكات كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی تر دەكرێت لە ئەندامانی سەربەخۆ و بوون بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و بەشداری نەكردن لە حكوومەتێك لەسەر بنەمای بەشبەشێنە بنیات نرابێت.

هەر پێوەست بەو بابەتەوە و وەك گوشارێك بۆ سەر سەدرییەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، عەبدولهادی سەعداوی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی گوتی، هێزە سیاسییە نارازییەكان بە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵگەی بوونی ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكە هەیە، بۆیە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیان خستووەتە روو.

زیاتر گوتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەندە بە ژمارنەوەی تەواوی دەنگەكان بەدەست بۆ رێگرتن لەهەر پەرەسەندنێكی سیاسی و جەماوەری لە عێراق، لە حاڵەتی سووربوونی لەسەر رەتكردنەوەی ئەو داواكارییە، روو لە داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت، جیا لەوە بایكۆتی هەر پرۆسەیەكی پێكهێنانی حكوومەت دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل