گەندەڵییەكی گەورە لە ناو بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:35:24/04/2024 ‌

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە، پلانێكی گەورەی گەندەڵی ئاشكرا بووە، بە دەستگرتنی نایاسایی بەسەر بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار لە بانكی ناوەندی بە ناوی گەشتیارییەوە، واتە بەناوی زیاتر لە 151 هەزار هاووڵاتی، كە بێ ئەوەی گەشت بكەن دۆلاریان بە نرخی فەرمی وەرگرتووە و لە بازاڕ فرۆشراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەڕی ئەو كەسانە بۆ مەبەستی گەشتكردن دۆلاریان بە نرخی فەرمی وەرگرتووە، بەڵام گەشتیان نەكردووە، واتە گەشتیاری بندیوارن، تۆڕەكەش ژمارەیەك فەرمانبەری بانكی ناوەندی و بانكە تایبەت و دەزگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو و كۆمپانیای گەشتیاری تیادایە. 

هەر بەپێی بەڵگەنامەكان، بڕی ئەو پارەی لەو پلانەدا كاری لەسەر كراوە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلارە لەو پارەی بۆ دابینكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران تەرخان كرابوو، كەچی لەو رێگایەوە دۆلارەكە بەرەو بازاڕ چووە و بۆ قازانجكردن لە جیاوازیی نرخ لە نێوان نرخی فەرمیی بانكی ناوەندی و نرخی بازاڕ بەكار هێنراوە. 

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی دیوانی چاودێری دارایی، لێوردبوونەوە لە فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی لە 1ی شوبات تا 8ی حوزەیرانی 2023 كراوە، جیاوازی لە نێوان ژمارەی ئەوانەی گەشتیان كردووە و ئەوانەشی لە سەكۆی ئەلیكترۆنی تۆمار كراون بۆ گەشتكردن، دەركەوت كە جیاوازییەكە 151.940 كەس بووە، ئەوەش واتە پرۆسەكە رێكخراو بووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ گەشتیاران بە بڕی 607.76 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە، واتە دۆلار بە نرخی فەرمی بەو گەشتیارە بندیوارانە فرۆشراوە و لە بری گەشت ئەو دۆلارە بۆ بازاڕ چووە و قازانجی گەورەی لێ كراوە.

جیا لەوە گەندەڵییەكی تری بانكەكە ئاشكرا بووە كە چۆن خاوەن بانكە تایبەتەكان سوودیان لە پارەی تەرخانكراو بۆ قەرزی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان وەرگرتووە بۆ كڕینی دۆلار لە مەزادی بانكی ناوەندی و پارەكەیان بۆ مەبەستی خۆی بەكار نەهێناوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل