ڤۆلکس واگن لە ئەمەریکا 15 ملیار یۆرۆ سزا درا

:: PM:04:04:26/10/2016 ‌

دۆسیەی ساختەکاری کۆمپانیای ڤۆلکس واگن هێشتا دانەخراوە و ئەوانەی لە ئەمریکا سکاڵایان کردبوو لەگەڵ کۆمپانیاکە رێککەوتن. دادگا بە بڕی ١٥ ملیار و دوو ملیۆن یۆرۆ کۆمپانیاکەی سزا دا. ڤۆلکس واگنیش کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانییە بڕی ١٠ هەزار یۆرۆ دەداتە هەر کام لەوانەی سکاڵایان تۆمار کردبوو.

چارلێز برایەر دادوەری دادگایەکی ئەمریکا بڕیارەکەی داوە و بڕیارەکەشی بە بڕیارێکی دادپەروەرانە هەژمار کرد.

فێڵکردنی لە سیستەمی پیشاندانی ئاستی پیسکردنی ژینگە لە مەکینەکانی جۆری گازوایلی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکاوە ئاشکرا بوو. 

دۆسیەکە هێشتا نەبەستراوە و دادگای تاوانەکانی ئەمریکاش دەبێت لەبارەیەوە بڕیار دەربکات.

ئامێرەکە لە مەکینەی زیاتر لە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێلی جۆری ڤۆلکس واگن داندراوە کە لەو ژمارەیە، دوو ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێلیان هەر لە ناوخۆی ئەڵمانیا فرۆشراون.

پێشتر راگەیەندرابوو تەنها ئەو جۆرە لە مەکینەکانی کۆمپانیاکە ئامێرەکەیان بۆ داندراوە کە قەبارەیان 1.4لیتر، 1.6 لیتر و دوو لیترییە بەڵام ساڵی رابردوو بەرپرسانی ئەمریکی ڤۆلکس واگنیان بەوە تۆمەتبار کرد ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی کە قەبارەی مەکینەکەیان سێ لیترییە هەمان فێڵ تێیاندا بەکار هێنراوە. پۆرشە و ئائۆدی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەن.

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان