داهێنان و نهێنییەكانی ژیانی جووتیارە نموونەیییەكەی كوردستان

:: PM:12:17:15/06/2017 ‌

جووتیارێكی كوردستان كە بە جووتیارە نموونەیی و داهێنەرەكە ناسراوە، چەندان داهێنان و جۆری نایابی لەسەر ئاستی دنیا لە بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە كوردستان بەرهەم هێناوە، سڵقی ڕەنگاوڕەنگ و باشترین جۆری گەنم و لەیەكدانی پەتاتە و تەماتە لەیەك ڕووەكدا و چەندان بەرهەمی ناوازەی تریش، بەڵام زۆر كەس ئەو جووتیارە نموونەیی و ئەو داهێنەرە ناناسن، لێرەدا تەواوی زانیاری لەبارەی بەرهەمەكانی و ژیانی دەخەینە ڕوو.

ئەو جووتیارە ناوی "جەمال جەلال حوسێن"ە و بە شێخ جەمالی كڕبچنە ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی كڕبچنەی سەر بە شارەدێی سەنگاوی شارۆكەی چەمچەماڵ لە دایك بووە، لە ناوەڕاستی شەستەكان لەگەڵ خێزانەكەی ئاشنا بووە بە كاروباری كشتوكاڵ، لەوە بەدواوە ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ كاری كشتوكاڵی و تا ئێستەیش بەردەوامە.

هەندێك لە توێژینەوە و بەرهەرمە سەر سورهێنەر و سەركەوتووەكانی شێخ جەمال بریتین لەمانەی خوارەوە.
یەكەم: لە ساڵی 1995 بەلێكدانی (تلقیح) دوو جۆر گەنم، جۆرێكی زۆر باشی لە گەنم بەرهەم هێنا كە بە"گەنمە خڕەكە" ناسراوە.

دووەم: لە ساڵی 1998 توانیویەتی جۆرێكی تری گەنم بێنێتە بەرهەم كە ئێستە لە ناوچەكە بە گەنمی "گوڵە ڕەشەكە" ناسراوە و جۆرێكی زۆر باشە بۆ ساوەر.

سێیەم: بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی لە بەرهەمهێنانی سەوزەی خانووی پلاستیكی لە پێشبڕكێی خانووی پلاستیكی لە 2008 بەدەست هێناوە.

چوارەم: بۆ یەكەم جار لە كوردستان لە ساڵی 2009 بۆ 2010  بەشێوەیەكی سەركەوتووانە توانی داهێنانی مەترووبەی تەماتە لەسەر پەتاتە بكات كە لەیەك كاتدا هەردوو بەرەكە بدات.

پێنجەم: بۆ یەكەم جار لە كوردستان توانی لە ساڵی 2009 بەشێوەیەكی سەركەوتووانە سەوزەی برۆكلی لە خانووی پلاستیك و كێڵگەی كراوە بەرهەم بێنیت.

شەشەم: توانی تەماتەی خۆماڵی (تەماتەی كوردی) بباتە ناو خانووی پلاستیكییەوە، دوای چوار ساڵ توێژینەوەش لەسەر ئەو جۆرە تەماتەیە، توانی هەڵبژاردەیەكی زۆر باش لە تۆوەكەی بە ستانداردێكی جیهانی بخاتە بازاڕەوە. 

حەوتەم: لە ساڵی 2012 بۆ یەكەم جار لەكوردستان توانی "گۆڵدن بێری" لە ناو خانووی پلاستیكدا بەرهەم بێنێت و لە ساڵی 2012 بۆ 2013 توانی هەڵبژاردەی باشترین جۆری گۆڵدن بێری لە دنیادا بەرهەم بێنیت.

هەشتەم: لە ساڵی 2012 بۆ 2013 توانی بەشێوەیەكی سەركەوتوانە سەوزەی (گرۆن كۆڵ) بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ (كالی) كە سەوزەیەكی ئەڵمانییە و لە خێزانی كاهووە لە كوردستان بەرهەم بێنێت.

نۆیەم: لە ساڵی 2013 سەوزەی "كربن برۆكسل"ی لە كوردستان بەرهەم هێنا، كە سەوزەیەكی ئەوروپییە و یەكەم جار لە ساڵی 1363 زاینی لە بەلجیكا بەرهەم هێنراوە.

دەیەم: لە ساڵی 2013 توانی سەوزەی جاترە كە سەوزەیەكی خۆماڵییە، بۆ یەكەم جار لە كوردستان و عێراق لە ناو خانووی پلاستیك و كێڵگەی كراوە بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەرهەم بهێنێت

یازدەیەم: بەشێوەیەكی سەركەوتوو توانیویەتی سلقی ڕەنگاوڕەنگ بەرهەم بێنێت و توێژینەوەی لەسەر حەوت جۆر سلقی ڕەنگاوڕەنگ ئەنجام دا و بۆ یەكەم جار لە كوردستان بە سەركەوتوویی لە زستانی ساڵی 2015 سڵقی ڕەنگاوڕەنگی خستە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

دوازدەیەم: بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 دا توێژینەوەی‌ لەسەر فاسۆڵیای ڕەنگ پەمەیی كرد و سەركەوتوو بووه و لە ساڵی 2014ش توێژینەوەی لەسەر لۆبیای مۆر ئەنجام دا و سەركەوتنی بەدەست هێنا.

سیازدەیەم: لە زستانی 2015 توێژینەوەی لەسەر شەش جۆر كاهووی جیاواز كردووه ‌و پێشتر لە بازاڕی كوردستان بوونیان نەبووە و بە نیازە لە ساڵی داهاتوو بیخاته بازاڕەوه.

چواردەیەم: لە زستانی ساڵی 2015دا توێژینەوەی لەسەر سەوزەی ئەڵمانی (میزۆنا) كردووه ‌و بە نیازە ڕێژەیەكی لێ بخاته بازاڕەوه، لە هەمان ساڵ توێژینەوەی لەسەر سەوزەی "باسیل" و قەڕنابیتی ڕەنگ مۆر كرد و سەوزەی "كنگر"ی نێو خانووی پلاستیكی كرد، جگەلەوانەش 42 جۆر تەماتەی جیاوازی ڕەنگ سوور و زەرد و ڕەش و سپی بەرهەم هێنا، سەوزەی ئەس براكسیشی لە كوردستان ڕواند و سەركەوتوو بوو.

پازدەیەم: لە 2015 كوولەكەی زەرد و فاسۆڵیای لە خاكی كوردستان بەرهەم هێنا، توانی كێشی كوولەكە بگەیەنێتە 40 كیلۆگرام، لە 2016ش تۆپی كەلەرمی 12 كیلۆگرامی بەرهەم هێنا و توێژینەوەیشی لەسەر قەڕنابیتی زەرد و سەوز و سوور و مۆر و پڕتەقاڵی كرد، توێژینەوەی لەسەر زەعفەران كرد و شووتی ڕەنگاوڕەنگی لە خانووی پلاستیكی و كێڵگەی كراوە بەرهەم هێنا. جیا لەمانە بیبەری ڕەنگاوڕەنگی وەك پڕتەقاڵی و ڕەش و زەرد و سوور و مۆر خستە بازاڕ.

شێخ جەمال هەموو ئەو بەروبوومە ناوازە كشتوكاڵییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ درا، لەسەر ئەركی خۆی و بێ هاوكاری هیچ لایەنێكی فەرمی بەرهەم هێناوە و بەردەوامیشە لە كارەكەی و ئامانجیەتی كەرتی كشتوكاڵ لە كوردستان بە تەواوی بەرەوپێشەوە ببات و بیبووژێنێتەوە.






















وشە - باز ئه‌حمه‌د