دابەشكردنی مووچە لە رۆژانی پشووش بەردەوامە و سبەی ئەم شوێنانە وەری دەگرن
دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سبەی مووچەی دوو شوێن دابەش دەكرێت و هەفتەی داهاتووش دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
بەپێی خشتەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سبەی چوارشەم 20ی ئەیلوول مووچەی مانگی حەوتی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگەی گشتیی ئاسایش دابەش دەكرێت و ئەمڕۆ بەشێك لەم دووشوێنانە مووچەكانیان وەرگرتووە .
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەی لەبارەی ڕۆژی پێنجشەم داوە كە پشووی فەرمییە و خشتەی مووچەی ئەو ڕۆژەشی بڵاو كردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە لەم ڕۆژەشدا ئەگەرچی پشووە دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕۆژی پێنجشەم، مووچەی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی ناوخۆ دابەش دەكرێت.
هەفتەی داهاتووش بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت و ڕۆژی یەكشەمی سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت.
وشە -
سهرخێڵ هاشم