پەرلەمانتارێكی گۆڕان بڕیاری گرتنی بۆ دەرچوو

:: PM:04:02:07/11/2016 ‌

بەتۆمەتی ناوزڕاندن و زوڵم لێ كردنی، بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی خێزانی سەر بە پارێزگای سلێمانی سكاڵای لەسەر پەرلەمانتارێكی گۆڕان تۆمار كرد و ئێستەش دادگا نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، تا پارێزبەندی لەسەر لاببەن و دادگایی بكرێت.

مەسعوود حەیدەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای سوكایەتی كردن و ناوزڕاندنی خێزانی پێشووی، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سلێمانی، سكاڵای یاساییان لە دژ تۆماركرد و دادگاش فەرمانی گرتنی بۆ دەركردووە، بەوهۆیەوە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە تا پارێزبەندی "حەسانەی"پەرلەمانتاری لەسەر ببرێ و دادگایی بكرێت.
 پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە كە مەسعوود حەیدەر بێ ئاگەداری هاوسەری یەكەمی، ئافرەتێكی تری هێناوە و هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە، دەستی بەسەر موڵكی هاوسەری یەكەمیشی گرتووە و هەڕەشەی لێ دەكات تا بێدەنگ بێ و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش سوكایەتی پێ دەكات.

لەسەر ئەم پرسە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سلێمانی سكاڵایی لەسەر ناوبراو تۆماركرد و دادگاش فەرمانی گرتنی بۆ دەركردووە و نووسراویش ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا تا پارێزبەندی لەسەر لاببرێت.

پێشتر مەسعوود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، كە ئەو بابەتە ڕاست نییە و بۆی دروست كراوە، ئامادەش نەبوو هیچ قسەیەكی لەسەر بكات، بەڵام ئێستە ڕاستییەكە ئاشكرابوو و دادگا داوای گرتنی دەكات.

ئاسۆ هاشم پارێزەری هاوسەری یەكەمی مەسعوود حەیدەر بۆ "میدیاكان ئاشكرای كرد، چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجوومەنی نوێنەرانین، لە 24 سەعاتی داهاتووش ئەو پەرلەمانتارە بكەوێتە دەست پۆلیس دەگیرێت و دەخرێتە گرتووخانەوە.


وشە - رامیار جەواد