رێككەوتنەكەی جەزائیر بازاڕی نەوتی گەشاندەوە

:: PM:04:05:01/10/2016 ‌

دوێنێ چوارشەم لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆبوونەوەكەی وڵاتانی ئۆپێك، نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە.

دوێنێ بەیانی نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بریتی بوو ٤٥ دۆلار و ٧٥ سەنت، بەڵام لە ئێوارەكەی كاتێك ئەنجامەكە راگەیەنرا، نرخی بەرز بووەوە و گەیشتە نزیكەی ٤٩ دۆلار كە بەرزترین نرخی تۆمار كرد لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا.

هاوكات نرخی نەوتی جۆری ئەمەریكی WTI لە ٤٤ دۆلار و ٣٨ سەنتەوە بەرز بووەوە تا نزیكەی ٤٧ دۆلار و ٥٠ سەنت كە ئەویش بەرزترین نرخی تۆمار كرد لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا.

پێویستە بگوترێت دوێنێ چوارشەم لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە جەزائیر بەڕێوە چوو، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنووری ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر رۆژێك بهێڵنەوە و بەو پێیەش بڕی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە ٧٥٠ هەزار بەرمیل كەم دەبێتەوە. 

كۆبوونەوەی دوێنێی ئۆپێك، نائاسایی بوو و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ كۆبوونەوەی ئاسایی ئۆپێك بەڕێوە بچێت.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە دوو ساڵی رابردوودا، بریتی بووە لە بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەتایبەت لە لایەن سعوودیەوە. ئەو وڵاتە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی خۆی لە هەشت ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بەرز كردووەتەوە.

سیاسەتی سعوودیە بەرامبەر بە نەوتی شێلی ئەمەریكی پێڕەو كرا كە خەرجییەكانی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك لە نەوتەكە بریتییە لە ٦٠ دۆلار، سعوودیە بیری كردەوە ئەگەر نرخی نەوت بۆ خوارووی ٦٠ دۆلار دابەزێنێت، ئەوا چیتر ئەو جۆرە نەوتە بەرهەم نایەت و ركابەریی نەوتی سعوودیە ناكات.

لە كۆبوونەوەی دوێنێ سعوودیە ئەوەی قبووڵ كردووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی لە ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل بۆ ١٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل كەم بكاتەوە و هێشتا وردەكاری تەواوی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكراوە كە وڵاتان بە چ بڕێك نەوتەكەیان كەم دەكەنەوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسوودی كوردستانە، چونكە هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت.

وشە/میدیاكان-سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌