پەڕاوگەكانی سلێمانی: ئاوارە عەرەبەكان نەبن فەوتاوین

:: PM:01:42:10/11/2016 ‌

زۆربەی كڕیارەكانی بەردەم هەر پەڕاوگەیەك لە سلێمانی، ئاوارە عەرەبەكانن، خاوەن پەڕاوگەكانی شارەكە دەڵێن، بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان و داخستنی دەرگەی قوتابخانەكان تووشی بێ‌ بازاڕی بوون و یەكێك دەڵێ‌، "ئەگەر ئاوارە عەرەبەكان نەبن، ئێمە فەوتاوین".
 
لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2015-2016، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچە، دەستیان بە مانگرتن كرد و تا كۆتای ساڵی 2015 بۆ ماوەی زیاتر لە یەك مانگ، پرۆسەی خوێندن لەو سنوورە ڕاگیراوە، لە دوای ئەو مانگرتنە و دەستپێكردنی وەزیری دووەمی خوێندن لە ساڵی 2016، جارێكی تر مامۆستایان زیاتر لە یەك مانگ بایكۆتی خوێندنیان كرد.

بایكۆتی مامۆستایان وێڕای ئەوەی كاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە، لە لایەكی تریشەوە بژێوی سەتان خاوەن فرۆشگەكانی پەڕاوگەی خستووەتە مەترسییەوە، بە گوتەی ئەو خاوەن پەڕاوگانە، ماوەی دوو ساڵ دەبێت بازاڕیان بەتەواوەتی كز بووە. 

هەڵۆ عەبدولقادر خاوەنی پەڕاوگەی هەرێم لە سلێمانی بە"وشە" دەڵێ‌، "90%یئیشوكار و فرۆشتنی پێداویستییەكانی ئێمە پێوەندی بە قوتابخانە و خوێندنگەكان هەیە، لە هاویندا ئیشوكارمان بە گشتی كز دەبێت، بەڵام بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی خوێندندا بازاڕی پەڕاوگەكان بە جووڵە دەكەوێت". 



ئەو دەڵێ‌، "ماوەی دوو ساڵە، لە وەرزی خوێندندا چاوەڕێین بازاڕەكە بە جووڵە بكەوێت، كەچی هەر كزە، چونكە پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە پەكی كەوتووە، ئەوەش وای كردووە بێ‌ بازاڕییەكی زۆر لە پەڕاوگەكاندا دروست ببێت". 

لە ئێستەدا ئەو كڕیارانەی لە پەڕاوگەكانی سلێمانی دەبینرێن، زۆرینەی هەرە زۆریان ئاوارە عەرەبەكانن، ئەوان پێداویستییەكانی خوێندن بۆ منداڵەكانیان دەكڕن.

خاوەنی پەڕاوگەی هەرێم دەڵێ‌، "بەهۆی ئەوەی دووكانەكەمان تایبەتە بە پێداویستی خوێندن، ساڵانی رابردوو بە شەش كەس بەڕێوەمان دەبرد، بەڵام ئێستە تەنیا خۆم كارەكان دەكەم، چونكە بازاڕ نییە و كرێكارەكانمان ناردووەتەوە".

بەهۆی بێ‌ بازاڕییەوە سەتان كەس كە لە پەڕاوگەكاندا كاریان كردووە، ئێستە بێكار كەوتوون، ئەوان هەم كۆگەكانیان داخستووە و هەمیش لە فرۆشگەكانیاندا كڕیارێكی زۆر نییە، ئەوەش وای كردووە پێویستیان بە كارمەند و كرێكار نەبێت. 

سۆران ئەبوبەكر، خاوەنی پەڕاوگەی سۆران بە "وشە" دەڵێ، "كۆگەكەمان  داخستووە و بە دوو مانگ و سێ مانگیش ناچین بۆ ئەوەی شت بۆ دووكان بێنین، كاتێك كە پرۆسەی خوێندن وەستابێت، ئەوەشی كە لە دووكانەكەدایە زیادەیە".

 ئەو زیاتر دەڵێ‌، "ئەگەر كارێكی تر هەبووایە، دەمێك بوو كۆگە و پەڕاوگەكەمان دادەخست، ئەوەی ئێستە لە دووكانەكەماندا هەیە، هی ساڵی رابردووە و ماوەتەوە، لەكاتێكدا شتە كۆنەكان نافرۆشرێن و پارەیەك ناكەن".



 خاوەن پەڕاوگەی سۆران روونی دەكاتەوە، "ئەو قوتابییانەی لە خوێندنگە تایبەتەكاندا دەخوێنن، سەرچاوەیەكی بازاڕەكەن، بەڵام ئەوە ناكاتە ئەو رادەیەی بازاڕی پەڕاوگەكان ببووژێنێتەوە".

لەپاڵ پەڕاوگەكان، كۆی ئەو دووكان و فرۆشگانەی كەلوپەلی خوێندن دەفرۆشن، تووشی بێ‌ بازاڕی و زیان بوون. 

هاودەنگ نەجیب دووكانێكی تایبەت بە فرۆشتنی جانتای قوتابییانی هەیە، بەڵام بەهۆی داخستنی دەرگەی قوتابخانەكان، جانتاكانی دووكانەكەی تۆزیان گرتووە.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "ساڵانی ڕابردوو بە دوو هەفتە پێش دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن، قوتابییان دەهاتنە ناو بازاڕ و پێویستییەكانیان دەكڕی،بەڵام ئەمساڵ كەس جانتا ناكڕێت و دوو مانگیش دەبێت كرێی دووكان لە گیرفانی خۆمان دەدەین". 

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 700 هەزار خوێندكاری بنەڕەتی و ئامادەیی هەیە، زیاتر لە 20 خوێندكاری زانكۆش هەیە، ئەگەر هەر خوێندكارێك تەنیا لە دەستپێكی زەنگی نوێی خوێندن بە بڕی 15 هەزار پێداویستی خوێندن بكڕێت، كۆی گشتی ئەو پارەیە نزیكەی  11 ملیار دینار دەبێت كە دەكەوێتە بازاڕەوە.

سلێمانی-هۆشیار عەلی




وشە - تایبه‌ت