چارەنووسی پاشەكەوتی مووچە دیاری دەكرێت

:: PM:06:26:07/12/2017 ‌
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كۆمەڵێك بابەتی دیاری كردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو داوایەك پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك كە ئایا چارەنووسی مووچە پاشەكەوت كراوەكان چی بەسەر دێت؟

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، هێڤا حاجی بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە ئەمڕۆمان لەسەر دوو بابەت بوو، چارەنووسی پاشەكەوتی مووچە چی بەسەر دێت؟، كە دەمانەوێت ئەو بابەت لەگەڵ حكوومەتدا باس بكەین.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێت، لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە باسمان لەوە كرد كە بزانین چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت؟، گفتوگۆی زیاترمان لەسەر ئەوە كرد كە لەسەرەتادا راپۆرتێك ئامادە بكەن و دەستنیشانی ئەو سێكتەرانە بكرێت كە بەهەدەردانی دارایی تێدایە و لە كۆبوونەوەی لیژنەكە لەگەڵ حكوومەت ئەو راپۆرتە بخوێندرێتەوە و بە حكوومەت بدرێت.

ئێمە داواكارییەك ئاراستەی سەرۆكایەتیی حكوومەت دەكەین بۆ كۆبوونەوە لە هەفتەی داهاتوودا و چاوەڕوانین وەڵاممان بدرێتەوە. بڕیاردەی لیژنەی دارایی وای گوت.

بەهۆی ئەو تەنگەژە داراییەی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014 بەخۆییەوە بنیووە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا بە بڕیارێكی سیاسی، ئێستە دۆخی ئابووری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لاواز بووە.



وشە - رامیار جەواد