گەیشتووەتە بەرزترین نرخ لە 30 مانگی رابردوودا
لە سەرەتای 2016ەوە نرخی نەوت 122% بەرز بووەتەوە

:: PM:12:20:13/12/2017 ‌


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لە 24 سەعاتی رابردوودا بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا تۆمار كردووە. لەو ماوەیەدا بەرزترین نرخی نەوت بریتی بووە لە 65 دۆلار و 77 سەنت.

لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 33 دۆلار بەرز بووەتەوە كە بە رێژە دەكاتە 122%. نرخی نەوتی برێنت لە سەرەتای ساڵی 2016 بۆ كەمترین ئاستی دابەزی كە بریتی بوو لە 27 دۆلار و ئەمەش ئابووریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردەوە.

یەكێك لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی هۆكار بووە لەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە بەرزبوونەوە بكات و لە ئاستێكی بەرزدا بمێنێتەوە، كۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێكە كە لە 30 تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە چووبوو كە رێككەوتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان تا كۆتای ساڵی 2018 درێژ كردەوە. ئەگەر لە كۆبوونەوەكە كۆتای بە رێككەوتنەكە بهێنرایە، ئەوا دیسان نەوت رووی لە دابەزین دەكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە جێگیری هێشتوویەتییەوە، تەنانەت نرخەكەشی بەرز كردووەتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی وزەی "eranico" لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیری كوێت ئاشكرای كرد، ئەو وڵاتانەی رێككەوتنەكەیان واژوو كردووە، لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دووبارە كۆ دەبنەوە تا بە وردی دیسان بازاڕەكە هەڵبسەنگێنن و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەربكەن.

 یەكێكی تر لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی مانگی رابردوودا پێوەندی بە دابەزینی بڕی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكا  هەیە. كاتێك نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لە ئەمەریكا ئەو كۆمپانیایانەی تایبەتن بە دەرهێنانی نەوتی لیتەیی، چالاكییەكانیان زیاتر دەبێت، چونكە لە كاتی دابەزینی نرخی نەوت بە هۆی تێچووی زۆر، چالاكییەكانیان راگرتبوو.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە رووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان، ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت و دابەزینی بەرهەمهێنانیش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

بەگوێرەی دوو رێككەوتنی جیاواز كە لە 30 تشرینی دووەم و 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنجام دراون، لە سەرەتای ساڵی 2017ی زاینییەوە دەبوو یەك ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كەم بكرێتەوە.

رێككەوتنەكە سەرەتا لە 30 تشرینی دووەم لە نێوان وڵاتانی ئۆپێك واژوو كرا و رووسیاش كە لە دەرەوەی ئۆپێكە، بەڵێنی دابوو بەشداری لە سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بكات، لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی تر لە كۆبوونەوەی 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو بڕیاری كەمكردنەوەی 562 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان دا. رووسیا 300 هەزار بەرمیل، مەكسیك 100 هەزار، ئازەربایجان 35 هەزار و كازاخستانیش 20 هەزار بەرمیل نەوت لە بڕی بەرهەمهێنانی كەم دەكاتەوە.

بەگوێرەی dailyfx تەنیا نرخی نەوتی برێنت بەرز نەبووەتەوە، بەڵكو نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە wti بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی 56 دۆلار.

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت گەشبینن بەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا ئەوەندە بەرز ببێتەوە كە بە داهاتەكەی بتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە لە سێ ساڵی رابردوودا چێشتوویانە. جگەلەمە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە بودجەی ساڵانەیاندا تووشی كورتهێنانی گەورەی بودجەی ساڵانەیان بوونەتەوە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دوو تا سێ ساڵی رابردوودا، ئەوەیە لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە ئاستی پێداویستی دنیا بە نەوتی خاو بەراورد بە ئاستی خستنەڕوو دابەزی.

تەنیا لە مانگی یەكەمی ساڵی 2014 ئاستی خستنەڕوو لە خوارووی ئاستی داخوازی بوو و لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەوە ئاستی خستنەڕوو گەیشتە سەرووی ئاستی داخوازی، بەوەش دوای چەند مانگێك كۆگەكانی دنیا پڕ لە نەوت بوون كە دواجار دابەزینی نرخی نەوتی لێ كەوتەوە و دابەزینی نرخی نەوتیش لە حوزەیرانی ساڵەكەوە دەستی پێ كرد و لە سەرەتای 2016 گەیشتە نزمترین ئاست.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، دوای سێ ساڵ لە ناهاوسەنگی خستنەڕوو و داخوازی نەوت، ئێستە دووبارە بۆ هاوسەنگییەكەی گەڕاوەتەوە و ئەگەر دۆخەكە پێچەوانە ببێتەوە واتە ئاستی داخوازی لەسەر نەوت لە سەرووی ئەو بڕە نەوتە بێت كە دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوا نرخی نەوتیش روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەكات.

زۆربەی پێشبینییەكان باس لەوە دەكەن كە گەشیی ئابووری لە دنیادا پەرەسەندن تۆمار دەكات و جووڵەی زیاتری كارگە پیشەسازییەكانیش بە واتای ئەوە دێت كە بازاڕ پێویستی زیاتری بە كڕینی نەوت هەیە. لە لایەكی ترەوە وڵاتێكی گەورەی وەك چین ساڵانە پێویستی بە نەوتی زیاتر هەیە و ئەمەش یارمەتی زیاتری بەرزكردنەوەی نرخی نەوت دەدات.

ئەوەی كێشەیە لە بەردەم نرخی نەوت، بریتییە لە دووبارە بەجووڵەكەوتنی تاوەرەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا كە بە نەوتی جۆری لیتەیی ناسراون و پێشتر بەهۆی ئەوەی تێچووەكەیان زۆر لە قازانجەكەی زیاتر بوو، چالاكییەكانیان راگرتبوو و ئێستەش كە نەوت گەیشتووەتە سەرووی 60 دۆلار، ئیتر ئەوانیش دەست بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر دەكەن.

هەرێمی كوردستان كە كەمتر لە نیوەی جاران نەوت هەناردە دەكات، پێویستییەكی زۆری بە داهاتی نەوت هەیە و تەنانەت نیوە مووچەكەشی پێ دابەش نەكراوە. حكوومەتی عێراق رێگر بووە لە هەناردەی نەوتی كەركووك و كۆمەڵێك لەمپەری بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

سلێمان



وشە - سلێمان تاشان