مەترسییەكی تر لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق ئاشكرا دەكرێت

:: PM:08:45:14/12/2017 ‌
تا ئێستە پرسی پشكی كورد لە بودجەی عێراق وەك خۆی ماوەتەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێ‌، بودجە لە پەرلەمان وەك خۆیەتی و پێویستە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی كانوونی یەكەم، ئەمین بەكر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە پرسی بودجە و پشكی كورد وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ دەستكارییەكی پڕۆژەكە نەكراوە لە قازانجی كورد.

ئەمین بەكر رەتی كردەوە كە كاری نوێنەرانی كورد لە بەغدا تەنیا دەركردنی بەیاننامە بێت و ڕای گەیاند، بە پاڵەپەستۆی پەرلەمانتارە كوردەكان پڕۆژەی بودجە گەڕێنرایەوە بۆ لیژنەی دارایی و حكوومەت كە ئەوەی پێشبینی نەدەكرا بكرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە حكوومەتی هەرێم گوشارەكانی زیاتر بكات تا بودجە لە حكوومەتی عێراقەوە دەستكاری بكرێت نەك لە پەرلەمان، چونكە هەموو بڕیارێكی پەرلەمانی دەتوانرێ تانەی لێ‌ بدرێت، ئەوەیش مەترسی دەخاتەوە سەر پڕۆژەی بودجەكە.

لە پڕۆژەی بودجەی عێراق كە ئێستە لە لایەن لیژنەی دارایی و حكوومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە 17% كراوتە 12% و ئەوەیش نارەزای كوردی لێ‌ كەوتووەتەوە و بە پێشێلكارییەكی تری عەبادی بەرانبەر كورد و دەستوور دادەنرێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم