لیستێكی هەلی دامەزراندنی مامۆستایان بڵاو كرایەوە

:: PM:10:43:10/01/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارباژێر سەر بە پارێزگای سلێمانی، لیستێكی دامەزراندنی مامۆستایانی بۆ چەند بەشێك بڵاو كردەوە و داوا لە دەرچووانی ئەو بەشانە دەكات لە هەفتەی داهاتووەوە بە مەبەستی دامەزراندنیان، فۆڕم پڕ بكەنەوە.

ڕاوێژ ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی شارباژێری سەر بە پەروەردەی گشتیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پەروەردەی شارباژێر پێویستی بە چەند دەرچوویەك هەیە بەمەبەستی دامەزراندنیان لە قوتابخانەكانی سەر بە پەروەردەی شارباژێر بۆ وانەگوتنەوە.

زیاتر گوتی، ئەو دەرچووانەی پێویستمانە لە بەشەكانی كوردی و ئینگلیزی و عەرەبی و بیركاری و زانست و كیمیا و فیزیا دەگرێتەوە و داوا لەو دەرچووانە دەكەین كە ناونیشانیان ئەو بەشانەن پێوەندیمان پێوە بكەن.

بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی شارباژێر ئاماژەی كرد، لە یەكشەمی هەفتەی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی فۆڕم دەكەین و پێویستە پێناسی باری شارستانیان پێ بێت تا بتوانن فۆڕم وەربگرن.

لە بارەی ژمارەی دامەزرێنەرانەوەكانەوە روونی كردەوە، ئەمساڵ ژمارەیەك مامۆستا لە سنوورەكە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ هاتووە، پێویستە شوێنی ئەو مامۆستایان لە سنوورەكە پڕ بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستمان بە 30 بۆ 50 مامۆستا دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل