هۆكاری نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە ئاشكرا كرا

:: PM:03:44:17/01/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆكارەكانی نەناردنی پارە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرا دەكات و ڕای دەگەیەنێت، تا تەواوی داهاتی نەوت و تەواوی داهاتەكانی تر نەخرێتە ژێر دەستی عەبادی، مووچە نانێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی كانوونی دووەم، نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە بەغدا تەنیا وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردەدا دەكات، بەڵام مەرج نییە بەو ئاسانییەی باسی دەكرێت مووچە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

ڕوونی كردەوە كە تا تەواوی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و داهاتی نەوت نەخرێتە ژێر دەستی عەبادی، ئەوە مووچە نانێرێت و ئەگەر بنێرێت بەردەوام نابێت، چونكە تا ئێستە تەواوی داهاتەكان نەخراوەتە ژێر دەستیان.

نەجیبە نەجیب لە بەشێكی تری قسەكانیدا ڕای گەیاند، ئەو كۆبوونەوانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوە دەچێت سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت كە لە شاندی بەغدا چەند كەسێكی تێیدایە جێی متمانەی حەیدەر عەبادین و دەتوانن دەستپێشخەری بكەن.

لێدوانەكەی ئەو پەرلەمانتارە كوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوابەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دوو وەزارەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی بەغدا دێت كە بڕیار دراوە هەفتەی داهاتوو لیژنەی وردبینی بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

هاوكات هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەردەوامە و ڕەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا گفتوگۆكان فرەوانی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئامادەن تەواوی داهات و لیستەكان بخەنە بەردەستی بەغدا.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم