بكوژانی فەرماندەكەی حزبی دیموكرات ئاشكرا بوون

:: PM:04:08:19/03/2018 ‌

دەزگەیەکی ئەمنیی حزبی دیموكراتی كوردستان ناسراو بە "حدك سایبری" ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی گیرانی پێنج تۆمەتباری دۆسیەی تیرۆركردنی قادر قادری فەرماندەی حزبەكە بڵاو كردەوە.

 لە ڕاگەیەنراوەكەی حدكدا هاتووە كە تاوانبارانی ئەو تیرۆرە باندێكی پێنج كەسی "ژنێك و چوار پیاو" بوون و هەموویان بە هاوكاری هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن دەزگەی ئەمنیەتی حزبی دیموكراتی كوردستان "ناسراو بە حدك سایبری"ـەوە دەستبەسەر كراون و دوای ددان پێدانان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە.

عوسمان فەقێ مەلەكی ناسراو بە مەلا عوسمانی هیزۆپ كە پلانداڕێژەری سەرەكیی تیرۆرەكە بووە، فەرمانی لە دەزگەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەرگرتووە و گومان دەكرێت هەر خۆیشی فەرماندە دیارەكەی حدكی خستبێتە بەر دەستڕێژی گولە.

بڕیارە "حدك سایبری" لە ڕۆژانی ئایندەدا زانیاریی وردتر لەبارەی چۆنیەتی و شێوازی ئەو تیرۆرەی قادر قادری بڵاو بكاتەوە.

شایانی باسە مەلا عوسمان هیزۆپی خۆی یەكێك لە نێزیكانی پێشمەرگەكانی حدك بووە و هاتوچۆی بنەماڵە پێشمەرگەكانی ئەو حزبەی كردووە و پیلانەكانی بۆ ئەندامانی دەفتەری سیاسیی ئەو حزبە بووە، بەڵام لەم تیرۆرەدا ئاشكرا و دەستبەسەر دەكرێت.





وشە - سلێمان تاشان