ئه‌مڕۆ هەینی 20ى ته‌مووز، خۆپێشاندانی گه‌وره لە چەند شارێكی عێراق بە تایبەت بەسڕە و بەغدای پایتەخت ده‌ستى پێ كرده‌وه، چاوەڕوانیش دەكرێت عەلی سیستانی، گه‌وره مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پەیامێك ئاڕاستەی خۆپێشاندەران و حكوومەت بكات.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپێشاندانەكانی باشوور و ناوەڕواستی عێراق ڕوویان لە كەمبوونەوە كردبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هاووڵاتیان بڕیاریان داوه له ژێر ناونیشانى "هه‌ینى دادگایى كردنى گه‌نده‌ڵه‌كان"، خۆپێشاندانێكى گه‌وره ئه‌نجام بده‌ن.
خۆپێشاندەرانی بەسڕە و بەغدا ڕایان گەیاندووە، ئامادەكاریی بۆ خۆپیشاندانی گه‌روه دەكەین، بە تایبەت دوای ئەوەی چەندان هۆزی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەكاتی ناشتنی تەرمی ڕۆڵەكانیان كە لە خۆپیشاندانەكاندا بە گولـله‌ى هێزە ته‌ناهییه‌كان كوژرابوون، بڕیارن دا بۆ وه‌رگتنه‌وه‌ى خوێنى كوڕه‌كانیان بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی.
له‌لایه‌كى تره‌وه حكوومەت هێزی ڕەوانەی پارێزگاكانی نەجەف و بەسڕە و موسەنا كردووە و چەند سەرچاوەیەكیش ئاشكرای دەكەن، له كه‌ركووك حه‌شدى شه‌عبى بڕیارى كۆتاییان داوه ته‌واوى هێزه‌كانمان له كه‌ركووك بكێشینه‌وه و بگه‌ڕێننه‌وه نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، بۆ پاراستنى مه‌زارگه و سه‌ركرده و مەرجەعە ئاینییه‌كان له ده‌ست خۆپێشانده‌ران.
هه‌ر ئه‌مڕۆ چاوەڕوان دەكرێت لە گوتاری هەینیدا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە ڕێگەی نوێنەرەكەیەوە، پەیامێك ئاراستەی حكوومەت و خۆپێشاندەران بكات.
ڕۆژی هەشتی مانگ خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە دەستیان پێ كرد و ئەمڕۆیش پێ دەنێنە 13یه‌م ڕۆژ، تا ئێستە لە زۆربەی شارەكان خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە و بڕیارە ڕۆژی هەینی لە بەغدایش خۆپێشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدرێت.
لە ئەنجامی 11 ڕۆژی خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە و نەجەف و كەربەلا و بابل و زیقار و دیوانیە و ناسڕیە و ڕۆژئاوای بەغدا و میسان و واست ژمارەیەكی زۆری خەڵك بریندار بوون و ئەشكەنجە دراون، هاوكات حكوومەت هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ تا كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنێت، بەڵام تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە.